کۆشکی سپی: ترەمپ ناساندنی دەوڵەتی فەلەستین بە "پاداشتێک بۆ حەماس" دەزانێت و دەڵێت "هیچ شتێک لەبارەی کۆتاییهێنانی ململانێکەوە بەدی ناهێنێت"

کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی، ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێی وایە ناساندنی دەوڵەتی فەلەستین هیچ بەشدارییەک لە ئازادکردنی بارمتەکان لە غەززەدا ناکات، کە ئەمە بە سەرەکیترین ئامانج دادەنرێت لە ئێستادا. هەروەها دەڵێت، ئەمە "هیچ شتێک لەبارەی کۆتاییهێنانی ململانێکەوە بەدی ناهێنێت."

لیڤیت ئاماژەی بەوەدا کە ترامپ "دژی ددان نانە بە دەوڵەتی فەلەستیندا،" و وتی کە ترەمپ ئەم هەڵوێستەی لە کاتی سەردانەکەی دوایی بۆ شانشینی یەکگرتوو، لە کاتی وەستان لەپاڵ کیر ستارمر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، دەربڕیوە.

بەپێی وتەکانی لیڤیت، ترەمپ پێی وایە ئەم ناساندنە "پاداشتێکن بۆ حەماس،" جەختی لەوەش کردەوە کە ئەمانە "تەنها قسەن زیاتر لەوەی کردار بن، لەلایەن هەندێک لە دۆست و هاوپەیمانەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە."

وتەبێژەکە ئاماژەی بەوەشدا کە سەرۆکی ئەمریکا سبەی سێشەممە لەبەردەم کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لەبارەی ئەم بڕیارەوە دەدوێت کە چەندین وڵات، لەوانەش فەڕەنسا، گرتوویانەتەبەر، و دەڵێت ئەمە تەنها "وشەیە نەک کرداری بەرجەستە."

رۆژی یەکشەممە، هەریەک لە بەریتانیا و کەنەدا و ئوسترالیا و پورتوگال دانیان بە دەوڵەتێکی فەلەستینیدا نا، ئەمەش هەنگاوێک بوو کە ئامانجی بەهێزکردنی چارەسەری دوو دەوڵەت بوو، و کاردانەوە و توڕەیی ئیسرائیلی لێکەوتەوە.

بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی "فرانس پرێس"، بەمەش ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە دانیان بە دەوڵەتی فەلەستیندا ناوە، گەیشتە 145 وڵات لە کۆی193 وڵاتی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان.