بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە لە راگەیەندراوێکدا رەتیکردەوە ئەو کەسانەی بە تۆمەتی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر لە وڵاتی سعودیە دەستگیرکراون، هاووڵاتی و عومرەکاری هەرێمی کوردستان بن.

لە راگەیەندراوەکەدا، کە ئاراستەی رای گشتی کراوە، هاتووە: "ئەو چەند کەسەی لە سعودیە دەستگیر کراون بە تۆمەتی بردنی ماددەی هۆشبەر، هاووڵاتی و عومڕەکاری هەرێمی کوردستان نین و خەڵکی پارێزگاکانی دیکەی عیراقن."

بەڕێوەبەرایەتییەکە رونی کردۆتەوە کە سەرجەم کۆمپانیاکانی حەج و عومرە لە هەرێمی کوردستان پابەندی رێنماییەکانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەن و "هەرێمی کوردستان نە لە نزیک و نە لە دوور، پەیوەندی بەو پرسەوە نییە."

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە کە "ئەگەر بەهەر جۆرێک ناوی پارێزگایەکی هەرێمی کوردستانیش بهێنرێت، هیچ بنەمایەکی نییە و دوورە لە راستییەوە،" و وێنەی ئەو کەسانەی لە شاری مەدینە دەستگیرکراون و لە میدیاکانی سعودیە و جیهاندا بڵاوکراونەتەوە، "ئاماژەیەکی رونە کە ئەمانە دانیشتووی کام شوێن و کام ناوچەن."

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێم جەختی لە "پەیوەندی و هەماهەنگیی توندوتۆڵ و پتەو" لەگەڵ دەستەی باڵای حەج و عومڕەی عیراق و دەزگاکانی حکومەتی فیدراڵ کردۆتەوە. هەروەها ئاشکرای کردووە کە بەهۆی پابەندبوون بە رێنماییەکانەوە، ماوەی سێ ساڵە وەفدی حاجیانی عیراق، کە هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لێی، خەڵاتی باشترین وەفدی حاجیانی لەسەر ئاستی جیهان پێدەبەخشرێت.