بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام بدات و تێیدا گفتوگۆ لەسەر چەند پرسێکی گرنگی ئابووری و یاسایی بكات

بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکان تاوتوێکردنی دواپێشهاتەکانی دۆسیەی داهاتە نانەوتییەکان و هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەبێت. لەم چوارچێوەیەدا، بڕیارەکانی کۆبوونەوەی رۆژی 9ی ئەیلوولی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقی فیدڕاڵ دەخرێنەڕوو.

هەروەها، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، کۆنووسی هاوبەشی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان سەبارەت بە پێشنیازەکانیان بۆ جێبەجێکردنی یاسای راژە و خانەنشینیی پێشمەرگە، ژمارە (38)ی ساڵی 2007، تاوتوێ دەکرێت.

تەوەرێکی دیکەی گرنگی کۆبوونەوەکە بریتی دەبێت لە خستنەڕووی ڕاسپاردەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری سەبارەت بە پێشکەشکردنی ئاسانکاری بۆ ئەو پێشینە و قەرزانەی کە تایبەتن بە بوژاندنەوەی کەرتەکانی خانووبەرە، کشتوکاڵ، پیشەسازی، نیشتەجێبوون و گەشتیاری.

لەکۆتاییدا، وەک هەنگاوێک لە چوارچێوەی پرۆسەی یەکخستنەوەی ڕێکارە داراییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی، وەزارەتی دارایی چەند پێشنیاز و ڕاسپاردەیەک بۆ یەکخستنی ڕێکار و ڕێنماییەکانی باج و ڕێژەکانیان لەنێوان دامەزراوەکانی هەردوو حکومەتدا دەخاتەڕوو.