یەکێتی ئەوروپا "پێشنیازی" سەپاندنی سزا بەسەر ئیسرائیلدا دەکات
راهۆز
١٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە کۆمیسیۆنەکە پێشنیازی سەپاندنی سزا بەسەر وەزیرە "توندڕەوەکانی" ئیسرائیل و هەڵپەساردنی بەشێکی رێککەوتنی هاوبەشیی نێوان یەکێتی ئەوروپا و ئیسرائیل دەکات، بەجۆرێک کە کاریگەریی لەسەر لایەنە بازرگانییەکان هەبێت.
ڤۆن دێر لاین لە وتارێکدا لەبەردەم پەرلەمانی ئەوروپا لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا وتیشی، "کۆمیسیۆن مانگی داهاتوو گرووپێکی بەخشەران بۆ فەڵەستینییەکان پێکدەهێنێت، کە ئامرازێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززەش لەخۆدەگرێت."
ناوبراو رایگەیاند، "قەتیسکردنی خەڵک لە برسێتییەکدا کە مرۆڤ دروستیکردووە، ناکرێت وەک چەکی جەنگ بەکاربهێنرێت."
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا وتیشی: "ئەوەی لە غەززە رودەدات، ویژدانی جیهانی هەژاندووە. خەڵک دەکوژرێن لەکاتێکدا سواڵی پارووە نانێک دەکەن. دایکان منداڵی مردوو بە باوەشەوە دەگرن. ئەم دیمەنانە کارەساتبارن. لەپێناو منداڵان، لەپێناو مرۆڤایەتیدا، پێویستە ئەمە بوەستێت."
"بەرگری لە هەموو بستێکی خاکی ئەوروپا دەکەین"
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا بەڵێنیدا بەرگری لە "هەموو بستێکی" خاکی کیشوەرەکە بکات و داوای کرد وەبەرهێنان لە توانای ستراتیژیدا زیاتر بکرێت بۆ بەهێزکردنی "لایەنی رۆژهەڵات" لە بەرامبەر هەڕەشەکانی روسیادا.
ڤۆن دێر لاین ئیدانەی پێشێلکردنی ئاسمانی پۆڵەندای لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی روسیاوە کرد لەکاتی هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا و بە پێشێلکارییەکی "بێباکانە و بێوێنە" وەسفی کرد. ئەو وتی: "ئەمڕۆ پێشێلکارییەکی بێباکانە و بێوێنەی ئاسمانی پۆڵەندا و ئەوروپامان بینی لەڕێگەی زیاتر لە10 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە،" و جەختی کردەوە کە "ئەوروپا بە تەواوی هاوپشتی پۆڵەندایە."
هەروەها رایگەیاند کە پێویستە ئەوروپا سەربەخۆیی و پێگەی خۆی لە سیستەمێکی نوێی جیهانیدا بپارێزێت، لەڕێگەی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی ئاسایشی خۆی و کۆنترۆڵکردنی تەکنەلۆژیا و سەرچاوەکانی وزە.