لەسەر رێگای كەربەلا-بەغداد پردێكی تەواونەكراو داڕما
٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
لەسەر رێگای كەربەلا-بەغداد پردێكی تەواونەكراو داڕما و لە ئەنجامدا پێنج كەس برینداربوون و ژمارەیەك ئۆتۆمبێل كەوتنە ژێر دار و پەردووی پردەكە.
فەرمانگەی تەندروستی كەربەلا رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ پردێك كەدەكەوێتە سەر رێگای كەربەلا-بەغداد و لە قۆناغی بنیاتناندا بوو داروخا و بە هۆیەوە پێنج هاووڵاتی برینداربوون و ژمارەیەك ئۆتۆمبێل بە ژێر دار و تەختە و پارچە داڕماوەكانی پردەكە.
ئاماژەی بەوەشكرد، بریندارەكان بەمەبستی وەرگرتنی چارەسەری پێویست دەستبەجێ گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و لەژێر چاودێری وردیی تەندروستیدان.
ئەوەشی خستەڕوو، لێكۆڵینەوە لە هۆكاری روخانی پردەكە دەستیپێكردووە و تیمەكانی بەرگری شارستانی و تەندروستیش بەردەوامن لە هەوڵەكانیان بۆ گەڕان بەدوای هەركەسێك كە گیری خواردبێت، هەروەها دەرهێنانی تەرمی هەركەسێك گیانی لەدەستدابێت.