فێستیڤاڵی دەروازەی سلێمانی بۆ رۆژی سێیەم لە پارکی هەواری شار بەردەوامە
محەمەد رزگار
٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
فێستیڤاڵی دەروازەی سلێمانی بە سپۆنسەری میدیایی دەزگای میدیایی کوردسات، بۆ رۆژی سێیەم لە پارکی هەواری شار بەردەوامە و رێژەیەکی زۆرباش لە هاووڵاتیان و سەردانیکەران لە ناوچە جیاوازاەکانی هەرێم سەردانی فێستیڤاڵەکە دەکەن.
رێژوان مەریوان سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵی دەروازەی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، کارەکانی فێستیڤاڵەکە زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت و هاووڵاتیان بە پەرۆشەوە سەردانی فێستێڤاڵەکە دەکەن.
وتیشی، بەپێی ئامارەکان لە یەکەم رۆژدا نزیکەی 18 هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵەکیان کردووە، هاوکات لە رۆژی دووهەمدا زیاتر لە 16 هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ئامارە لە دەروازەی سەرەکی بە هاتنەژوورەوەی ئۆتۆمبێل وەرگریراوە، ئەگەر بە تاکە کەسیش هەژمار بکرێت رێژەکە زۆر زیاترە.
سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە ئاماژەی بەوەشکرد، چاوەڕوان دەکەن لەمڕۆژانەدا لە رۆژانی یەکەم و دووهەم، هاووڵاتیان زیاتر سەردانی فێستیڤاڵەکە بکەن و چێژ ببینن لە چالاکی و بەرهەمەکانی نمایشدەکرێت و پێشکەشدەکرێت.
جێگەی ئاماژەیە، دووهەمین فێستیڤاڵی دەروازەی سلێمانی بە سپۆنسەری میدیایی دەزگای میدیایی کوردسات، لە رۆژی 4ـی ئەیلولەوە دەستیپێکردووە و بۆ ماوەی 8 رۆژ بەردەوام بێت.