ترەمپ: ئاگربەست لەگەڵ ئێران بەفیڕۆدانی کات بوو
محەمەد رزگار
٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئاگربەستی هاوینی رابڕدوو لەگەڵ ئێران بەفیڕۆدانی کات بووە و جەختیشی کردەوە کە رووبەڕووبوونەوەی ئێستای نێوانیان بەم زووانە کۆتایی دێت.
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە میانی کۆبوونەوەیەکی هەڵبژاردندا هات بۆ لایەنگرانی پارتی کۆماری لە شاری کۆرینس لە ویلایەتی میسیسیپی، پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس کە بڕیارە لە 3ـی تشرینی دووەم بەڕێوەبچێت.
ترەمپ لەبارەی هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئێران ئاماژەی بەوەکرد، ئەمریکا هیچ هەڵبژاردنێکی تری لەبەرانبەردا نەبوو، دەبوو ئەم کارە زۆر پێشتر ئەنجامبدرایە و ئەوەشی ئێستا رودەدات زۆر بە خێرایی کۆتایی دێت."
سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو، "رازی بووین لەسەر ئاگربەستێکی کورتخایەن کە زۆرم بە دڵ نەبوو، پێم وابوو بەفیڕۆدانی کاتە، رێگەمان دا بە چەند کەشتییەک لە گەروی هورمزەوە تێپەڕبن، دەمانویست باش بین، بەڵام ئەوەتا تا ئەو شوێنەی من ئاگادار بم، هەر بەفیڕۆدانی کات بوو."
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ رێگریکردن لە سەر هەڵدانەوەی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی فراوان بەردەوامن؛ دوێنێ دووشەممە تاران میوانداری دانوستاندنی لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای سعودیە، پاکستان و تورکیا کرد بە مەبەستی هێورکردنەوەی گرژییەکان و پێکهێنانی کەناڵی دانوستاندن.
لەلایەکی ترەوە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران پێشتر جەختی لە بەردەوامی پەیوەندییە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ واشنتۆن لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە کردبووەوە و روونی کردبووەوە، ئەمریکا هەوڵدەدات مەرجی نوێ بۆ پێشنیازەکەی ئێران سەبارەت بە ئاگربەست و رێگەدان بە کردنەوەی کردنەوەی هورمز زیاد بکات.

