سەرۆکی کۆریای باکور هێزە تایبەتەکانی وڵاتەکەی بەسەرکردەوە و بەدەستی خۆی چەکێکی نوێی جۆری نیشانەشکێنی تاقیکردەوە.

ئاژانسی هەواڵی رەسمی کۆریای باکور بڵاویکردەوە، کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکور سەردانی بنکەی مەشق و راهێنانی سوپای گشتی وڵاتەکەی کرد و هێزە تایبەتەکانی بەسەرکردەوە، تێیدا پشتگیری خۆی بۆ بەهێزکردنی هێزە تایبەتەکان دووپاتکردەوە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کیم چەکێکی نوێی نیشانەشکێنی تاقیکردوەتەوە و رایگەیاندووە، ئەو چەکە وردە و توانای پێکانی مەودای دووری هەیە.

سەرۆکی کۆریای باکور یەکە نیشانەشکێنەکانی سوپاکەی بە هێزێکی ورد هەڵبژێردراو بۆ ئەرکە گرنگەکان و راهێنراو بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی سەربەخۆ وەسف کرد و جەختی لەوە کردەوە کە بەرزکردنەوەی بەرچاوی تواناکانی نیشانەشکێن  و ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان، ئەرکێکی سەرەکییە لە بنیاتنانی هێزی سەربازی وڵات.

کیم جۆنگ ئون رایگەیاندووە، پڕچەککردنی تەواوی هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت بۆ ئەوەی ببنە هێزی سەرەکی لە ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکاندا ، ئەرکی یەکەمە ە لە ئامادەکارییەکانی سوپای ئێمە بۆ شەڕ.