لە کاتێکدا هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراین روبەڕووی ئاستەنگ بوونەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا دان بە ئاڵۆزیی قەیرانەکەدا دەنێت و کۆکردنەوەی ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینی بە ئەرکێکی "زۆر قورس" وەسف کرد، هاوشێوەی "تێکەڵکردنی رۆن و ئاو".

سەرەڕای ئەمەش، ترەمپ دەرگای هیوای بە کراوەیی هێشتەوە و ئاماژەی بەوەدا کە لەوانەیە بتوانرێت گفتوگۆ لەسەر شێوازەکانی هاریکاریی نێوان هەردوو سەرۆک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بکرێت. لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بە بەشداریی خۆی لە کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیەدا، تەنها وتی: "دەیبینین".

روسیا: هیچ کۆبوونەوەیەک بەبێ ئەجێندایەکی ئامادەکراو ئەنجام نادرێت:

لێدوانەکانی ترەمپ لە کاتێکدایە کە مۆسکۆ پێشتر هەڵوێستی خۆی رون کردبووەوە. سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاندبوو، "هیچ نیەتێک نییە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە لە نێوان پوتن و زێلێنسکیدا" و جەختی کردبووەوە کە سەرۆکی روسیا تەنها کاتێک ئامادەی کۆبوونەوەی لەو شێوەیە دەبێت کە ئەجێندایەکی ئامادەکراو هەبێت.

لەم بارەیەوە، یەڤگینی سیدرۆڤ، نووسەر و توێژەری سیاسی، لە لێدوانێکدا بۆ سکای نیوز عەرەبییە رایگەیاند: "لەلایەنی روسیاوە هیچ کێشەیەک نییە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە، بەڵام دەبێت بە وردی ئامادەکاری بۆ کرابێت و خاڵەکان پێشوەختە رون بن. ناکرێت کۆبوونەوەکە ببێتە شەڕەقسە یان ئابڕووچوونێکی دیکە."

سیدرۆڤ وتیشی: "ئەگەر پوتن و زێلێنسکی سبەی کۆببنەوە، روسیا مەرجی هەیە و زێلێنسکیش بە تەواوی ئەو مەرجانە رەتدەکاتەوە، کەواتە دەرەنجامی کۆبوونەوەکە هیچ نابێت."

کیێڤ مۆسکۆ بە رێگریکردن تۆمەتبار دەکات:

لەلایەکی دیکەوە، کیێڤ هەڵوێستێکی راستەوخۆی تۆمەتبارکردنی گرتووەتەبەر. ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین، رایگەیاند کە روسیا "هەموو هەوڵێک دەدات بۆ رێگریکردن لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی راستەوخۆ" لە نێوان هەردوو سەرۆکدا و داوای سەپاندنی "سزای نوێ"ی کرد بەسەر مۆسکۆدا ئەگەر نیازپاکی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ نیشان نەدات.

داواکاریی گەرەنتیی ئەمنی.. بەڵێنێک بەبێ جێبەجێکردن:

هاوکات لەگەڵ ئەم مشتومڕانە، پرسی گەرەنتییە ئەمنییەکان بۆ ئۆکراین هێشتا یەکلانەبووەتەوە. مارک ڕوتە، سکرتێری گشتیی نوێی ناتۆ، لە سەردانێکیدا بۆ کیێڤ داوای پێشکەشکردنی "گەرەنتیی ئەمنیی بەهێز"ی کرد بۆ ئۆکراین، بەڵام زێلێنسکی خۆی دانی بەوەدانا کە "هێشتا زووە بۆ دیاریکردنی ئەو وڵاتانەی ئامادەن پشتیوانیی سەربازیی راستەوخۆ پێشکەش بکەن." سەرۆکی ئۆکراین رونیکردەوە کە وڵاتەکەی داوای گەرەنتییەک دەکات هاوشێوەی ماددەی پێنجەمی پەیمانی ناتۆ، کە هێرشکردنە سەر هەر ئەندامێک بە هێرش بۆ سەر هەمووان دادەنێت.

ترەمپ.. لە نێوان هەل و قەیراندا:

دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە کە "دوو هەفتەی داهاتوو کاتێکی یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ دیاریکردنی دەرفەتەکانی ئاشتی لە ئۆکراین" و ئاماژەی بەوەشدا کە ئەگەر هیچ پێشکەوتنێک بەدی نەیەت، لەوانەیە واشنتن "رێبازێکی جیاواز" بگرێتەبەر.

بە بڕوای شرۆڤەکاران، ترەمپ هەوڵ دەدات خۆی وەک "ئاشتیخوازێک" نیشان بدات بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسی، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاگادارە کە هەر شکستێک لەم ئەرکەدا کاریگەریی نەرێنی لەسەر پێگەی سیاسیی دەبێت، ئەمەش هۆکاری خۆبەدوورگرتنیەتی لە بەڵێنی راستەوخۆ.

لە کۆتاییدا، گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم هەر کۆبوونەوەیەکدا مەرجەکانی روسیایە کە کیێڤ بە دەستدرێژی بۆ سەر سەروەریی خۆی دەزانێت. تا ئەو کاتەی ئەم بنبەستە نەشکێنرێت، وادیارە لێکچواندنەکەی ترەمپ سەبارەت بە "تێکەڵکردنی رۆن و ئاو" باشترین وەسف بێت بۆ دۆخەکە.