چوار شاری ئەوروپا بۆ كۆبوونەوەی نێوان پوتن و زیلینسكی پێشنیازكراوە
کەژان
٢١ی ئابی ٢٠٢٥
وێنە؛ ئەرشیف
سەرەڕای ئەوەی هەوڵەكان بۆ كۆبونەوی نێوان سەرۆكانی روسیا و ئۆكراین نەگەیشتونەتە ئەنجام، بەڵام چوار وڵات پێشبڕكێ دەكەن بۆ ئەوەی ببینە شوێنی كۆبونەوەی ئەو دوو سەرۆكە.
هەرچەندە كرملن خۆی لە گفتوگۆكردن لەسەر وردەكارییەكانی هەر دیدارێكی داهاتووی نێوان ڤلادیمێر پوتن، سەرۆكی روسیا و هاوتا ئۆكراینییەكەی بەدوور گرتووە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا سورە لەسەر ئەنجامدانی ئەو كۆبوونەوەیە.
چەندین پێشنیار خراوەتەڕوو بۆ شوێنی ئەنجامدانی ئەو كۆبونەوەیە، ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا شاری ژنێفی سویسرای بۆ ئەنجامدانی كۆبونەوەكە پێشنیازكردوە، هۆكارەكەشی بۆ بێلایەنی ئەو ولاتە گەراندوەتەوە.
لای خۆشیەوە، ئیگناسیۆ كاسیس وەزیری دەرەوەی سویسرا پشتڕاستی كردەوە كە وڵاتەكەی پارێزبەندی بە سەرۆكی روسیا دەدات، سەرەڕای تۆمەتباركردنی لەبەردەم دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەكان، بەمەرجێك بەشداری كۆنفرانسی ئاشتی بكات.
شایانی باسە دوایین سەردانی پوتن بۆ ژنێڤ لە 16ی حوزەیرانی 2021 بوو، كاتێك لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆكی ئەوكاتەی ئەمریكا كۆبووەوە.
كریستیان شتۆكەر راوێژكاری نەمساش شاری ڤییەنای پایتەختی وڵاتەكەی بۆ ئەنجامدانی ئەو كۆبونەوەیە پێشنیازكرد و رایگەیاند،ئەگەر دانوستانەكە لە ڤیەننا ئەنجام بدرێت، پەیوەندی بە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەكانەوە دەكەن بۆ ئەوەی رێگە بە پوتن بدرێت بەشداری بكات.
ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادار لەو بابەتە، ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، سەرۆكی روسیا پێشنیازی ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی دووقۆڵی لەگەڵ هاوتا ئۆكراینیەكەی لە مۆسكۆ كردوە لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ترەمپ،هەر بە پێی زانیاریەكانی ئەو سەرچاوانە، وەڵامی زیلینسكی بە هیچ شێوەیەك ئەرێنی نەبوو، و ڕەتیكردەوە گەشت بۆ مۆسكۆ بكات.
بەرپرسێكی ئەمریكیش باسی لەوەكرد، شاری بۆداپێستی پایتەختی هەنگاریا شوێنێكی گونجاو بۆ لوتكەكە.
سەرچاوەیەكی نزیك لە كۆشكی سپیش رایگەیاند، كۆشكی سپی پلان دادەنێت بۆ كۆبوونەوەی سێ قۆڵی نێوان ترەمپ و پوتن و زیلینسكی لە پایتەختی هەنگاریا وەك هەنگاوی داهاتوو بۆ دانوستاندن بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕی سێ ساڵەی ئۆكراین.
سەرۆك وەزیرانی هەنگاریا لە پەیوەندییەكی نزیكی لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا هەیە، بەڵام هەنگاریا بژاردەیەكی گونجاو نیە بۆ ئۆكراین، ئەوەش بەهۆی دژایەتیكردنی سەپاندنی سزا بەسەر روسیا لە كاتی شەڕی ئۆكراین، ئەمە جگەلەوەی پەیوەندییەكانی ئۆكراین و هەنگاریا گرژی تێدایە، ئەوەش بەهۆی كێشەی كەمینەی هەنگاری لە ئۆكراین و تۆمەتباركردنی حكومەتی كیێڤ بەپێشێلكردنی مافەكانیان.