بەرپرسانی ئۆکراین رایانگەیاند، روسیا لە یەکێک لە گەورەترین هێرشەکانیدا، لە ماوەی هەفتەکانی رابردوودا، بە 574 درۆن و 40 موشەک هێرشی کردووەتە سەر ئۆکراین.
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، سوپای روسیا بە چڕی هێرشی ئاسمانی کردە سەر چەندین ناوچەی ئۆکرانیا. بەهۆی هێرشێکی درۆنی و موشەکی بۆ سەر شاری لڤیڤ لە رۆژئاوای وڵات، کەسێک گیانی لەدەستدا و لە هێرشێکی دیکەشدا بۆ سەر هەرێمی ترانسکاپارپاتیای باشووری رۆژئاوا، 15 کەسی دیکە برینداربوون.
ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ راگرتنی شەڕەکە چڕکردووەتەوە. ئاندری سیبیها، وەزیری دەرەوەی ئۆکراین رایگەیاندووە، ئەم هێرشانە ئەوە دەردەخەن کە هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بەم شەڕە "چەندە گرنگن."
ڤلادیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ڤلادیمیر پوتنی سەرۆکی روسیا "لە ئەوروپایەکی بێلایەن" وەک سویسرا یان نەمسا، دەربڕیوە و ئاماژەی بەوەشکردووە کە دژی ئەوە نییە کۆبوونەوەکە لە ئەستەنبوڵیش بەڕێوەبچێت. هەرچەندە زێلێنسکی ئامادەیی خۆی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پوتن "بە هەر شێوازێک" راگەیاندووە، بەڵام پێشوازی لە بیرۆکەی ئەنجامدانی گفتوگۆکان لە بوداپێست نەکردووە و رایگەیاندووە "ئەمڕۆ ئەمە ئاسان نییە."
ئەگەری ئەنجامدانی گفتوگۆی راستەوخۆ دوای ئەوە هات کە ترەمپ لە ئالاسکا لەگەڵ پوتن کۆبووەوە، و دواتر لە رۆژی دووشەممە لە کۆشکی سپی میوانداری زێلێنسکی و سەرکردەکانی ئەوروپای کرد. سەرۆکی ئەمریکا لە سەرەتادا پێشنیازی گفتوگۆی سێقۆڵی بە بەشداری خۆی و پوتن و زێلێنسکی کرد، بەڵام دواتر رایگەیاندووە کە رەنگە خۆی بەشداری نەکات.
هێزی ئاسمانی ئۆکراین رایگەیاند کە شەوی رابردوو رووسیا 614 درۆن و مووشەکی دیکەی ئاراستە کردووە و توانیویانە577 دانەیان بخەنە خوارەوە، ئەمەش گەورەترین هێرشی ئاسمانییە لە مانگی تەممووزەوە.
لە کاتێکدا هێرشەکانی روسیا زیاتر لەسەر ناوچەکانی رۆژهەڵاتی نزیک لە هێڵەکانی پێشەوەی شەڕ چڕدەبنەوە، هێرشەکانی ئەم دواییە ناوچەکانی رۆژئاواشی گرتووەتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئۆکراین ئاماژەی بەوەشکردووە کە مووشەکی هایپەرسۆنیک و بالیستی و کروز لەو چەکانە بوون کە لە هێرشەکانی شەوی رابردوودا بەکارهاتوون. هێزی ئاسمانی ئۆکراین رایگەیاندووە، زۆرێک لە هێرشەکان لە رۆژئاوای روسیا و دەریای رەشەوە ئەنجامدراون و یەکێک لە موشەکەکان لە نیمچە دورگەی کریمیای داگیرکراوەوە هاتووە.
لە هەرێمی لڤیڤ لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە، جگە لە گیانلەدەستدانی کەسێک، سێ کەسی دیکەش برینداربوون و زیاتر لە 20 باڵەخانەی مەدەنی، لەنێویاندا ماڵی هاووڵاتیان و باخچەیەکی ساوایان، زیانیان بەرکەوتووە. هەروەها لە ئەنجامی بەرکەوتنی مووشەکێکی کروز لە کارگەیەکی ئەلیکترۆنی ئەمریکی لە شارۆچکەی موکاچێڤۆی دووری باشوری رۆژئاوا لە ترانسکاپارپاتیا، کە لە نزیک سنورەکانی ئۆکرانیا لەگەڵ هەنگاریا و سلۆڤاکیایە، 15 کەسی دیکە برینداربوون.
زێلێنسکی رۆژی پێنجشەممە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، هێشتا هیچ نیشانەیەک لە مۆسکۆوە نییە کە "بە راستی نیازیان هەبێت بۆ گفتوگۆی جدی" بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە. هەروەها ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بە بوداپێست وەک شوێنێک بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆکان دووپاتکردەوە، بەهۆی پەیوەندییە بەهێزەکانی ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا لەگەڵ مۆسکۆ.