پۆلیسی ئێران: زیاتر لە 20 هەزار كەسمان لە كاتی جەنگی ئیسرائیل-ئێرانەوە دەستگیركردووە
١٢ی ئابی ٢٠٢٥
وتەبێژی پۆلیسی ئێران دەڵێت، لە سەروبەندی جەنگی 12 رۆژەوە لەگەڵ ئیسرائیل تاوەكو ئێستا زییاتر لە 20 هەزار گومانلێكراویان دەستگیركردووە.
سەعید مونتەزەر مەهدی وتەبێژی پۆلیسی ئێران لە لێدوانێكیدا بۆ میدیا ئێرانییەكان رایگەیاند، 21 هەزار كەسیان لە كاتی جەنگی ئیسرائیل-ئێرانەوە دەستگیركردووە، لەو ژمارەیەش 260 كەس بە تۆمەتی سیخوڕیکردن و 172 كەسی دیكەش بە تۆمەتی تۆماركردنی ڤیدیۆی نایاسایی دەستگیركراون.
مونتەزەر مەهدی وتیشی، دەستگیركردنی ئەو ژمارەیە لە گومانلێكراو دەرخەری ئەوەیە كە هاووڵاتیان هۆشیارن لەبارەی ئاساییشی نەتەوەییەوە و لەپێناو دابینكردنی ئاساییشێكی بەهێزتریش، زیاتر لە هەزار خاڵی پشكنینیان لە ناوچە جیاوازەكانی وڵاتدا زیادكردووە.