خێزانەکانی بارمتە ئیسرائیلییەکان لە کەرتی غەززە، حکومەتی بنیامین ناتانیاهۆیان بەوە تۆمەتبار کرد کە بڕیاریداوە بەردەوامی بە جەنگ بدات و قووڵتری بکاتەوە، ئەمەش وەک بڕیارێک بۆ کوشتنی ئەو بارمتانەی کە هێشتا لە ژیاندان و پشتگوێخستنی تەرمی ئەوانەی کوژراون.

لە راگەیەندراوێکدا، کە لەلایەن "کۆڕبەندی خێزانی بارمتەکان و ونبووان"ەوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: "حکومەتی ئیسرائیل بڕیاری لە سێدارەدانی ئەو بارمتانەی داوە کە لە ژیاندان و بڕیاریشی داوە تەرمی بارمتە کوژراوەکانیش ون ببن".ئەمەش وەک کاردانەوە بۆ بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی ئیسرائیل دێت بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی داگیرکردنی تەواوەتی کەرتی غەززە، کە بە وتەی خێزانەکان "ڕاگەیاندنێکی فەرمییە بۆ پشتکردن لە بارمتەکان.

خێزانی بارمتەکان جەختیان لەوە کردەوە کە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە غەززە لەبری گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر، "حوكمی لەسێدارەدانە بۆ ئەو بارمتانەی کە ماون
".ئایناڤ زانگاوکەر، دایکی یەکێک لە بارمتەکان، حکومەتی تۆمەتبار کرد بە گۆڕینی ئامانجەکانی جەنگ لە رزگارکردنی بارمتەکانەوە بۆ داگیرکردنی کەرتی غەززە.

هەروەها دایکی ژمارەیەک لە بارمتە ئیسرائیلییەکان هەڕەشەی ئەوەیان لە ناتانیاهۆ کردووە کە ئەگەر پلانی داگیرکردنی غەززە جێبەجێ بکات و ببێتە هۆی کوژرانی منداڵەکانیان، ئەوا ڕووبەڕووی دادگای دەکەنەوە.

ئەم کاردانەوە تووندەی خێزانی بارمتەکان لە کاتێکدایە کە ناکۆکی لەناوخۆی حکومەت و دامەزراوە ئەمنییەکانی ئیسرائیلدا لەسەر پلانی داگیرکردنی غەززە لە ئارادایە.  بەپێی هەندێک سەرچاوە، بەرپرسانی باڵای سەربازی هۆشدارییان داوە کە ئەم هەنگاوە ژیانی بارمتەکان دەخاتە مەترسییەوە.

خێزانەکان داوایان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئیدارەی ئەمریکا کردووە کە فشار لە حکومەتی ناتانیاهۆ بکەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک کە کۆتایی بە جەنگ بهێنێت و ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان مسۆگەر بکات.