میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، هێرشێکی چەکداری کرایە سەر بنکەیەکی پۆلیس لە شاری سەراوانی سەر بە پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران و بەهۆیەوە چوار کەس کوژران.

بەگوێرەی زانیارییەکان، هێرشەکە کاتژمێر 1:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ روویداوە، کاتێک ژمارەیەک چەکدار تەقەیان لە بنکەی پۆلیسی شارەکە کردووە و دواتر رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێرشبەران و هێزە ئەمنییەکاندا دروست بووە.

سەرچاوە خۆجێییەکان رایانگەیاندووە، لە ئەنجامی پێکدادانەکاندا سێ لە هێرشبەرەکان کوژراون و دوو چەکداری دیکەش دەستگیرکراون. هاوکات، دەسەڵاتدارانی ئێران کوژرانی ئەفسەرێکی ئەمنییان لە هێرشەکەدا پشتڕاستکردەوە.

گومان دەکرێت هێرشبەرەکان سەر بە گرووپی "جەیش ئەلعەدل"ی ئۆپۆزسیۆن بن. ئەم گرووپە پێشتریش بەرپرسیارێتی خۆی لە چەندین هێرشی چەکداری لەو ناوچەیەدا ڕاگەیاندووە.

مانگی رابردوو، "جەیش ئەلعەدل" بەرپرسیارێتی هێرشێکی دیکەی گرتە ئەستۆ کە بووە هۆی کوژرانی لانی کەم هەشت کەس لە هێزە ئەمنییەکانی ئێران. هەروەها لە ساڵی 2019شدا، ئەو گرووپە بەرپرسیارێتی تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە پاسێکی سوپای پاسداران گرتە ئەستۆ کە تیایدا 27 ئەندامی سوپا کوژران.