هاوکات لەگەڵ زیادبوونی فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە، گیدۆن سەعار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، رایگەیاند فشارەکان لەسەریان کاریگەری نابێت و وڵاتەکەی "خۆی ناکوژێت" لەپێناو ئەو وڵاتانەی "کۆنترۆڵی شەقامەکانی خۆیان لەدەستداوە".

سەعار لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی تایبەتدا لە وەزارەتەکەی، رۆژی سێشەممە وتی: "لەم رۆژانەی دواییدا شایەتحاڵی هەڵمەتێکی شێواوی فشاری نێودەوڵەتین لە دژی ئیسرائیل، ئەم هەڵمەتە شەپۆلی دژە جوولەکەبوون بەهێزتر دەکات."

ئەم لێدوانە دوای ئەوە دێت کە هەفتەی رابردوو وەزیرانی دەرەوەی زیاتر لە 25 وڵات، لەگەڵ کۆمسیارێکی یەکێتی ئەوروپا، داوای کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززەیان کرد و رەخنەیان لە مۆدێلی نوێی دابەشکردنی هاوکارییەکانی ئیسرائیل بۆ کەرتی غەززە گرت.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئامانجی فشارەکانی بۆ دوو خاڵ گەڕاندەوە: یەکەم، رێگەدان بە حەماس بۆ سەپاندنی ئیرادەی خۆی بەسەر ئیسرائیلدا، کە بە وتەی ئەو "کارەساتێک دەبێت بۆ ئیسرائیلی و فەڵەستینییەکانیش". دووەمیش، "سەپاندنی دەوڵەتێکی تیرۆری فەڵەستینی بەسەر ئیسرائیلدا".

سەعار ئاماژەی بە لێدوانێکی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا کرد و وتی: "دوێنێ لە نیویۆرک وتی پێویستە ئەوروپا فشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ قبوڵکردنی چارەسەری دوو دەوڵەت. دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەڵەستینی ئەمڕۆ، واتا دامەزراندنی دەوڵەتێکی حەماس و دەوڵەتێکی جیهادی. ئەمە روونادات."