راپۆرتێکی بی بی سی خراپترین شوێنی جیهان بۆ ژنان ئاشکرادەکات
لە هایتی، گروپە چەتەکان دەستدرێژیی سێکسی وەک چەکێکی جەنگ بەکاردەهێنن بۆ تۆقاندنی خەڵک و فراوانکردنی دەسەڵاتیان. راپۆرتێکی نوێ قەبارەی ترسناکی قەیرانەکە ئاشکرا دەکات، کە بە گوتەی بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان وڵاتەکەی کردۆتە "خراپترین شوێنی جیهان بۆ ژنان".
چیرۆکی هێلین؛ سیمبولی توندوتیژی:
هێلین (ناوێکی خوازراوە) تەمەنی 17ساڵ بوو کاتێک گروپێکی چەتە هێرشیان کردە سەر گەڕەکەکەیان لە پۆرتۆ پرینس، پایتەختی هایتی. ئەو کچە تازە لەدایکبووەکەی لە باوەشیدایە و دەڵێت، "پیاوە چەکدارەکان کاتێک هەوڵمدا هەڵبێم، منتیان رفاند و بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگ دەستبەسەریان کردم."
ئەم ژنە گەنجە کە ئێستا تەمەنی ١٩ ساڵە، دەڵێت: "هەموو رۆژێک چەندین پیاوی جیاواز کە دەمامکیان بەستبوو و نەمدەناسین، دەستدرێژییان دەکردە سەرم و لێیان دەدام. هەندێک لەو کارانەی لەگەڵیان کردم هێندە ئازاربەخش بوون کە ناتوانم بۆتانی بگێڕمەوە."
هێلین درێژەی پێدەدات، "کاتێک دووگیان بووم، بەردەوام پێیان دەوتم دەبێت منداڵەکەم لەبارببەم، بەڵام من رەتمکردەوە. وتم ئەم منداڵە رەنگە تاکە منداڵ بێت کە بتوانم هەمبێت."
کاتێک گروپە چەتەکە سەرقاڵی شەڕ بوون لەگەڵ گروپێکی تر، هێلین توانی هەڵبێت و ئێستا لەگەڵ نزیکەی 30 کچ و ژنی دیکە کە قوربانیی دەستدرێژین، لە خانەیەکی ئارامدا دەژین. بچووکترین کچی نێو قوربانییەکان تەمەنی تەنها 12 ساڵە و بەهۆی بەدخۆراکییەوە لە تەمەنی خۆی بچووکتر دەردەکەوێت.

دەستدرێژیی بەکۆمەڵ و ئاماری شۆکهێنەر:
هاوکات لەگەڵ فراوانبوونی دەسەڵاتی گروپە چەکدارەکان لە پایتەخت و ناوچەکانی دیکەی هایتی، ئامارەکانی دەستدرێژی و توندوتیژیی سێکسی بە شێوەیەکی مەترسیدار بەرزبوونەتەوە.
رێکخراوی "پزیشکانی بێ سنوور" کە کلینیکێکی تایبەتی بۆ قوربانیانی دەستدرێژیی سێکسی لە پۆرتۆ پرینس کردۆتەوە، داتایەکی تایبەتی بۆ "بی بی سی" ئاشکرا کردووە کە نیشانی دەدات ژمارەی سەردانیکاران لە ساڵی 2021ـەوە تا ئێستا نزیکەی سێ هێندە زیادی کردووە.
قوربانییەکان دەگێڕنەوە کە گروپە چەتەکان دەستدرێژیی سێکسی وەک ئامرازێک بۆ تۆقاندن و ملکەچکردنی دانیشتووان بەکاردەهێنن. دیانا مانیلا ئارۆیۆ، بەرپرسی نووسینگەی پزیشکانی بێ سنوور لە هایتی، دەڵێت: "قوربانییەکان باسی دەستدرێژیی بەکۆمەڵ دەکەن لەلایەن دوو، چوار، حەوت و تەنانەت 20 کەسەوە."
ژنێکی دیکە دەگێڕێتەوە: "هێرشیان کردە سەر گەڕەکەکەمان، کاتێک گەڕامەوە ماڵەوە بینیم دایکم، باوکم و خوشکەکەم کوژراون. چەکدارەکان تەرمەکانیان لەناو ماڵەکەدا بەجێهێشت و ئاگریان تێبەردا." دواتر کاتێک ویستویەتی هەڵبێت، لەلایەن چەکدارەکانەوە دەستگیرکراوە و دەڵێت: "دەستدرێژییان کردە سەرم، کچە شەش ساڵانەکەشم لەگەڵ بوو، دەستدرێژییان کردە سەر ئەویش، پاشان برا بچووکەکەمیان لەبەرچاوی ئێمەدا کوشت."

داڕمانی سیاسی و قەیرانی مرۆیی:
هایتی لە دوای تیرۆرکردنی سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە لە ساڵی 2021ـەوە، تووشی بۆشایی سیاسی و شەپۆلێکی توندی توندوتیژی بووە. بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 1.3 ملیۆن کەس ئاوارە بوون و نیوەی دانیشتووانی وڵاتەکەش رووبەڕووی برسێتییەکی توند بوونەتەوە.
سەرەڕای هەوڵەکانی هێزێکی ئەمنیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی کینیا، گروپە چەتەکان توانیویانە کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر پایتەختدا لە %85ـەوە بە %90 زیاد بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، بودجەی ئاژانسی "یوئێسئەید"ی بۆ هایتی راگرت و بە "بەفیڕۆدانی سامان" ناویبرد. لولا کاسترۆ، بەڕێوەبەری هەرێمیی بەرنامەی خۆراکی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، دەڵێت: "پۆرتۆ پرینس خراپترین شوێنی جیهانە بۆ ژنان."
ئەو هۆشداری دەدات کە کەمبوونەوەی هاوکارییە مرۆییەکان کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژنان دەبێت، چونکە ناچار دەبن بۆ دۆزینەوەی خۆراک روو لە شەقامەکان بکەن و زیاتر رووبەڕووی مەترسی ببنەوە.
لە کۆتاییدا، هێلین و ژنانی دیکەی ناو خانە ئارامەکە، لە داهاتووی خۆیان و منداڵەکانیان دەترسن. هێلین دەڵێت: "هەمیشە خەونم بەوەوە دەبینی بچمە قوتابخانە و داهاتوویەک بۆ خۆم دروست بکەم، بەڵام هەرگیز بیرم لەوە نەدەکردەوە لەم تەمەنە کەمەدا ببمە دایک."
