سەرۆک کۆمار مەرسوومی کۆماری تایبەت بە دامەزراندنی پارێزگارانی بەغداد و واست رادەستی پارێزگارە نوێیەکان کرد
رەوەز
٢٩ی تەمووزی ٢٠٢٥
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ سێشەممە 29ی تەمموزی2025 لە کۆشکی بەغداد، پێشوازیکرد لە عەتوان حەسەن سامر ئەلعەتوانی، پارێزگاری بەغداد و هادی مجید گزار پارێزگاری واست .
لە دیدارێکدا مەرسومی کۆماری تایبەت بە دامەزراندنی پارێزگارانی بەغداد و واست رادەستی پارێزگارە نوێیەکان کرا و رەوشی ئەمنی و ئابووری و خزمەتگوزاری لە هەردوو پارێزگاکە تاوتوێ کرا.
سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر پێویستی تۆکمەکردنەوەی هەوڵەکان کردەوە بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتیان و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابووری و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری.
هەروەها سەرەخۆشی خۆی بۆ قوربانیانی کارەساتی ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی هایپەرمارکێتەکەی واست دووپات کردەوە و هیوای سەرکەوتنی بۆ هەردوو پارێزگار خواست لە خزمەتکردنی عیراق و گەلەکەیدا.
لەلایەن خۆیانەوە، هەردوو پارێزگار پلانەکانی داهاتوویان و ئەو بەرنامانەی کە بۆ پێشخستنی کەرتی خزمەتگوزاری و تەواوکردنی پڕۆژەکان و بەردەوامیدان بە پڕۆسەی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە لە بەغداد و واست ئامادەیان کردووە پێشکەش بە سەرۆک کۆمار کرد.
هەروەها سوپاسی خۆیان بۆ گرنگیپێدانی سەرۆک کۆمار و پەرۆشی بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانێکی شایستە بۆ هەموو عیراقییەکان لە سەرتاسەری وڵاتدا دەربڕی.
دیدارەکە بە ئامادەبوونی عەمار ئەلحەمدانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا، بەڕێوەچوو.





