نەتەوەیەکگرتووەکان: خەڵکی غەززە نە مردوون و نە دەژین، ئەوان بوونەتە تەرمی جوڵاو
رەوەز
٢٦ی تەمووزی ٢٠٢٥
ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان (ئۆنروا) رایگەیاند کە لە هەر5 منداڵێک لە شاری غەززە، یەکێکیان تووشی بەدخۆراکی بووە، و ئاماژەی بەوەشکرد کە حاڵەتەکان رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندان.
فیلیپ لازارینی، کۆمسیاری گشتیی ئۆنروا، شایەتحاڵیی یەکێک لە کارمەندانی ئۆنروا لە غەززە دەگوازێتەوە کە وتوویەتی "خەڵکی غەززە نە مردوون و نە زیندوون، ئەوان بوونەتە لاشەی جوڵاو."
لازارینی وتیشی، "کاتێک بەدخۆراکی لەناو منداڵاندا خراپتر دەبێت، میکانیزمەکانی خۆگونجاندن شکست دەهێنن، و دەستگەیشتن بە خۆراک و چاودێری نامێنێت، برسێتی بە بێدەنگی دەست بە بڵاوبوونەوە دەکات."
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە "زۆربەی ئەو منداڵانەی پێشوازییان لێدەکرێت لەلایەن تیمەکانمانەوە، بەدەست لاوازی و بێهێزییەوە دەناڵێنن و ئەگەر بەپەلە ئەو چارەسەرەی پێویستیانە پێیان نەگات، مەترسیی گیانلەدەستدانیان زۆرە."
لازارینی بە چەند خاڵێک دۆخی غەززە و هاووڵاتیانی روونکردووەتەوە:
-
راپۆرتەکان ئاماژە بە گیانلەدەستدانی زیاتر لە 100 کەس دەکەن بەهۆی برسێتییەوە، کە زۆربەیان منداڵن.
-
ئەم قەیرانە قوڵە هەمووانی گرتۆتەوە، تەنانەت ئەوانەش کە هەوڵی رزگارکردنی گیانی خەڵک دەدەن لە کەرتی غەززە.
-
کارمەندانی تەندروستی لە هێڵەکانی پێشەوەی ئۆنروا بە یەک ژەمە خۆراکی بچووک دەژین، کە زۆرجار تەنها نیسکە. زۆرێکیان لەبەر برسێتی لەکاتی کارکردندا لەهۆش خۆیان دەچن.
-
کاتێک چاودێرەکان ناتوانن شتێک بۆ خواردن بدۆزنەوە، تەواوی سیستمی مرۆیی دەست بە داڕمان دەکات.
-
باوکان ئەوەندە برسین کە ناتوانن چاودێری منداڵەکانیان بکەن.
-
ئەوانەی دەگەنە کلینیکەکانی ئۆنروا، وزە و خۆراک و توانای پەیڕەوکردنی ئامۆژگارییە پزیشکییەکانیان نییە.
-
خێزانەکان چیتر ناتوانن خۆیان بگرن، ئەوان لەیەک هەڵدەوەشێنەوە و توانای مانەوەیان نییە.
-
مانەوەی خودی ئەوان کەوتۆتە مەترسییەوە.