سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە رێڕەوی ئارام لە کەرتی غەززە دەکرێتەوە و رێگەش دەدرێت بە فڕێدانە خوارەوەی هاوکارییەکان لە رێگەی ئاسمانەوە.

سوپا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: "لەسەر بنەمای راسپاردەکانی سەرکردایەتی سیاسی و دوای هەڵسەنگاندنی دۆخەکە کە ئێوارەی رۆژی شەممە ئەنجامدرا، سوپای ئیسرائیل دەستیکردووە بە زنجیرەیەک رێوشوێن لە کەرتی غەززە و بەدرۆخستنەوەی ئەو بانگەشانەی کە باس لە برسیکردنی بەئەنقەست دەکەن لە کەرتەکەدا."

ئەوەش هاتووە: "سوپای ئیسرائیل ئەمشەو (شەممە) دەستدەکاتەوە بە فڕێدانی هاوکارییە مرۆییەکان لە رێگەی ئاسمانەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیەتی بۆ رێگەدان بە چوونەژوورەوە و ئاسانکاری بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە. کردەی فڕێدانەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوە فریاگوزارییە نێودەوڵەتییەکان و سوپای ئیسرائیل بەڕێوەدەچێت، بە سەرپەرشتی هەماهەنگ کاری کاروباری حکومەت لە ناوچەکان و هێزی ئاسمانی ئیسرائیل."

لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "فڕێدانە ئاسمانییەکان حەوت سەکۆی هاوکاری لەخۆدەگرن کە پێکدێن لە ئارد، شەکر و خۆراکی قوتوو، کە لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە دابینکراون."

هەر لە هەمانراگەیەندراودا ئاماژە بەوەشکراوە: "سەرباری ئەوەش، بڕیاردراوە بە دروستکردنی رێڕەوی مرۆیی تایبەتمەند بۆ مسۆگەرکردنی جوڵەی سەلامەتی کاروانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە خۆراک و دەرمان بۆ دانیشتووان دەگوازنەوە."

سوپای ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە "ئامادەیە بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەستی مرۆیی لە ناوچە چڕ دانیشتووانەکان، و بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی تیرۆر و لەناوبردنی تیرۆریستان لە ناوچەکەدا."

هاوکات جەخت لەوە کراوەتەوە کە: "بەرپرسیارێتی دابەشکردنی خۆراک بەسەر دانیشتووانی غەززەدا دەکەوێتە ئەستۆی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە فریاگوزارییە نێودەوڵەتییەکان. بۆیە، چاوەڕوان دەکرێت نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کاریگەریی دابەشکردنی هاوکارییەکان باشتر بکەن و دڵنیابن لەوەی ناگاتە دەستی حەماس."