ناتانیاهۆ: گواستنەوەی فەلەستینییەکان لە غەززە “بیرۆکەیەکی باش”ە
رەوەز
٨ی تەمووزی ٢٠٢٥
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە دیدارێکیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە دەرکردنی فەلەستینییەکان لە غەززە “بیرۆکەیەکی باش”ە و بیرۆکەی دوو دەوڵەتی رەتکردەوە.
ئەمە بە سێیەم سەردانی ناتانیاهۆ دادەنرێت لەدوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ دەسەڵات و هاوکاتە لەگەڵ راگرتنی جەنگی ئێران و ئیسرائیل و بەڕێوەچوونی گەرێکیتری دانوستانەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە جەنگ.
ناتانیاهۆ لە ئێوارە خوانەکەیدا لە کۆشکی سپی سەبارەت بە راگواستنی فەلەستینیەکان لە غەززە رایگەیاند: “هەرکەسێک بیەوێت بڕوات، دەتوانێت بچێت و هەرکەسێک بیەوێت بمێنێتەوە، دەتوانێت بمێنێتەوە.”
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد کە “لەگەڵ ئەمریکا کاردەکەین بۆ دۆزینەوەی ئەو وڵاتانەی کە داهاتوویەکی باشتر بۆ فەلەستینییەکان دابین بکەن.”
ناتانیاهۆ بەڵێنی دا کە “لە لێواری بەدەستهێنانیداین” و باسی لە ئەگەری بەرقەرارکردنی ئاشتی لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد.
“ئێمە کاردەکەین بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتییەکی هەمەلایەنە لە ناوچەکەدا، لەسەر بنەمای رێبازی سەرۆک ترامپ”.
سەبارەت بە دانوستانەکان؛ ترەمپ لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "ئەوان دەیانەوێت کۆببنەوە و ئەو ئاگربەستەیان دەوێت."