وەزیری دەرەوەی ئەمریكا: داواكاری ئێران بۆ دەستگیركردن و لەسێدارەدانی گرۆسی قبوڵنەكراوە
سەعید سەروەت
٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئیدانەی داواكاری ئێران بۆ لەسێدارەدانی سەرۆكی ئاژانسی وزەی ئەتۆم دەكات و پاڵپشتی وڵاتەكەی بۆ چاودێریكردنی ئێران لەلایەن ئاژانسەكەوە دوپاتدەكاتەوە.
ماركۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس بڵاویكردەوە، داواكاری ئێران بۆ دەستگیركردن و لەسێدارەدانی رافایل گرۆسی، سەرۆكی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم قبوڵنەكراوە و پێویستە ئیدانە بكرێت.
وتیشی، ئەمریكا پاڵپشتی لە ئاژانسەكە دەكات بۆ ئەوەی بەردەوامبێت لە لێكۆڵینەوە و چاودێریكردنی ئێران لە پرسە ئەتۆمیەكاندا.
رۆبیۆ پێزانینی خۆی بۆ پیشەییبوون و هەوڵەكانی ئاژانسی وزەی ئەتۆم لە ئێران دەربڕی و داوای لە تاران كرد ژیانی كارمەندانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بپارێزێت و ئاسایش و سەلامەتییان بۆ دابین بكات.
ئەوەش لە كاتیدا دێت، لە ماوەكانی رابردوودا ئێران گرۆسی بە سیخوڕیكردن بۆ ئیسرائیل تۆمەتبار كرد و داوای كرد دەستگیر بكرێت و دادگای بكرێت.