بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە ئەمساڵ وڵاتانی ئەوروپا رووبەرووی شەپۆلێکی گەرمای بەهێز دەبنەوە، بەشێکی زۆری گەشتیارانیش بۆ خۆفێنکردنەوە سەردانی نافورە و مەلەوانگەکان دەکەن.

لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا پلەکانی گەرما گەیشتونەتە 37 پلەی سیلیزی، هاوکات لەشاری مارسیلیای باشوری کەناراوەکانی فەرەنسا پێشبینی دەکریت پلەکانی گەرما 40 پلەی سیلیزی تێپەڕێنێت، هەروەها دەسەڵاتدارانی ئەو شارە فەرمانیان کردووە مەلەوانگە گشتییەکان بکرێت بەبێ بەرانبەر بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بۆ رووبەڕووبوەنەوەی گەرما بەکاری بهێنن.

سبەینێ لە پورتوگال پێشبینی دەکرێت دوو لەسەر سێی ئەو وڵاتە رووبەڕووی  گەرمایەکی بەهێز ببنەوە و لە لیشبۆنەی پایتەخت پلەکانی گەرما دەگاتە 42 پلەی سیلیزی، حکومەتی ئەو وڵاتەش هۆشداریش دەدات لە ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان بەهۆی بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما.

جێگەی ئاماژەیە، ماوەی چەند ساڵێکە زانایان هۆشداری دەدەن لە سوتاندنی سوتەمەنی بەردینی مرۆڤ، کە دەبێتە هۆی گەرمبونی جیهان و لێکەوتەی ژینگەیی ترسناکی لێدەکەوێتەوە. شەپۆلی گەرمای هاوین کە تادێت چڕتر دەبێتەوە بەتایبەت لە ئەوروپا، دەرئەنجامی راستەوخۆی ئەم گەرمبونەوەیە.