دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند کە تاران لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر وێستگە ناوەکیەکانی دەیەوێت دانوستانه بکات و وتی ئێران هیچی لە بەرنامە ئەتۆمیەکەی دەستنەکەوت.

سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەسەر کردەوە کە "نابێت رێگە بە ئێران بدرێت چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت"، و وتی "من 25 ساڵە ئەمە دووبارە دەکەمەوە، تەنانەت ئەوکاتەشی کە هاووڵاتیەکی ئاسایی بووم، ئێران نابێت ببێت خاوەنی چەکی ئەتۆمی".

هاوکات ترەمپ وتی: "بیر لە بۆردومانکردنی ئێران دەکەمەوە جارێکی دیکە ئەگەر بەرنامە ئەتۆمیەکەیان دەوڵەمەند بکەنەوە".

ترەمپ لە کاتی پرسیاری رۆژنامەنووساندا وتی کە دەیەوێت "دەزگای نێودەوڵەتیی وزەی ناوەکی یان هەر لایەنێکی دیکەی متمانەپێکراو، تەواوی مافەکانی هەبێت و پشکنین بۆ بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران بکات".

پێشتر، ترەمپ بەهۆی ئەو هەواڵانەوە کە سی ئێن ئێن و رۆژنامەی نیویۆرک تایمز سەبارەت بە کاریگەری هێرشەکانی ئەمریکا لەسەر بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران بڵاویان کردبووەوە داوای کردبوو ئەو رۆژنامەنووسانە دەربکرێن.

ترامپ بە پیتی گەورە لە پلاتفۆرمەکەی "تروس سۆشیاڵ"دا نووسیبووی: "دەبێت رۆژنامەنووسە نا راستگۆکانی سی ئێن ئێن و نیویۆرک تایمز دەربکرێن، یەکسەر!!! خەڵکانێکی خراپی بەدکار".

سی ئێن ئێن و تایمز و واشنتۆن پۆست پێشتر لەم هەفتەیەدا رایانگەیاندبوو کە بۆردومانکردنەکەی ئەمریکا سەرکەوتوو نەبووە لە تێکدانی دامەزراوە ناوەکییە ژێرزەوییەکانی ئێران، و ئەمەش بووە هۆی توڕەیی سەرۆکی ئەمریکا و وایکرد ئەو ئاژانس و پێگە هەواڵیانە بە درۆزن و بڵاوکەرەوەی هەواڵی ناڕاست ناوببات.

هاوکات ئەو ناوەندانە رایانگەیاندووە؛ کە داوای لێبوردن ناکەن و بەردەوامدەبن لەسەر کارەکانیان.