وەفدێكی باڵای وەزارەتی نەوتی عیراق و كۆمپانیای سۆمۆ لە هەرێمی كوردستانن
٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
وەفدێكی باڵای عیراق لە هەرێمی كوردستانە و بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ حكومەتی هەرێم كۆببێتەوە بۆ تاوتوێكردنی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، وەفدێكی باڵای وەزارەتی نەوتی عیراق كە پێكهاتوون لە راوێژكار و بەڕێوەبەری گشتی و كۆمپانیای سۆمۆ و وەفدێكی تەكنیكی، لە هەولێرە و بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تایبەتیش لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كۆببێتەوە.
کۆبوونەوەی وەفدەکە لەگەڵ هەرێم بۆ تاوتوێكردنی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانە و لەلایەن محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراقەوە دەسەڵاتی رێككەوتن بە وەفدەکە دراوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز راشیگەیاند، ئەگەر رێككەوتن بكرێت كێشەی موچە و بودجەی هەرێمی كوردستان بەرەو چارەسەر دەچێت و پێشتریش حكومەتی هەرێم ئامادەیی دەربڕیبوو بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان.