وەزارەتی پەروەردەی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
رەوەز
١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
رەوەز
١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، لەئاكامی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ دامەزراوەی نەتەنز لە ئەسفەهانی ئێران تیشكدانەوەی ئەتۆمی لەناوچەكەدا دروستبووە.
رافایل گروسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ وزەی ئەتۆم، لە پەراوێزی كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تایبەت بە گرژییەكانی نێوان ئیسرائیل و ئێران رایگەیاند، لە ئاكامی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، وێستگەیەكی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئەو وڵاتە لەناوبراو، كە تێیدا پیتاندنی یۆرانیۆم گەیشتووەتە ٪ 60.
ئەوەشی خستەڕو، بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە بۆ دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز لە پارێزگای ئەسفەهانی ئێران، تیشكدانەوەی ئەتۆمی لەناوچەكەدا دروستبووە.
گروسی دەشڵێت، هیچ ئاماژەیەك نییە هێرشەكانی ئیسرائیل گەیشتبێتنە وێستگەكانی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ژێر زەوی دامەزراوەی نەتەنز، بەڵام هێرشەكە زیانی بە ئامێرەكانی ناوەندی جێگۆڕكێی وزە گەیاندووە.
رابەری باڵای ئێران دەڵێت، كەمتەرخەم نابن لە وەڵامدانەوەی هێرشەكە و دڵنییایش دەدات لەوەی، ئەو هێرشە بەبێ زیان بەسەر ئیسرائیل تێپەڕنابێت.
عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێران لە پەیامێكی ڤیدۆییدا بۆ گەلی ئێران رایگەیاند، كەمتەرخەم نابن لە وەڵامدانەوەی هێرشەكەی ئیسرائیل و هێزە چەكدارەكانی ئێران بە هەموو توانایانەوە وەڵامی ئەو هێرشە دەدەنەوە و ئیسرائیل بێچارە دەكەن.
لە پەیامەکەیدا هاتووە؛ ئەو بابەتەی حەزم دەکرد لەگەڵ گەلی ئازیزماندا باسی بکەم ئەوەیە کە رژێمی زایۆنی هەڵەیەکی گەورەی کرد، هەڵەیەکی گەورەی کرد، کارێکی هەڵەی کرد و دەرەنجامەکانی، بە یارمەتیی خودا چارەڕەشی دەکەن.
خامنەیی دڵنیاییش دەداتە گەلی ئێران، كە لە وەڵامدانەوەی هێرشەكەی ئیسرائیل شكست ناهێنن.