ئۆجەلان داوای دیداری بافڵ جەلال تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی و چەند سەركردەیەكی تر دەكات، وتەبێژی دەم پارتیش دەڵێت، دیدارەكان بۆ ئەوەیە بەشێوەیەكی راستەوخۆ راوێژیان پێبكات و گفتوگۆی قۆناغی چارەسەری بكەن.

ئایشەگوڵ دۆغان وتەبێژی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان"دەم پارتی"لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دەیانەوێت لە ماوەیەكی نزیكدا سەردانی ئیمراڵی بكەن و لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی"پەكەكە" گفتوگۆ لەسەر قۆناغی ئاشتی و پڕۆسەی چارەسەری بكەن.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، ئۆجەلان داوای بینینی هەریەك لە بافڵ جەلال تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی و مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و مەزڵوم كۆبانێی كردووە، بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەسەر پرۆسەی ئاشتی راوێژیان و گفتوگۆیان لەگەڵ بكات.

هەروەها وتەبێژی دەم پارتی، داوا لە سەرۆكی پەرلەمانی توركیا دەكات، بەر لە پشووی هاوینەی پەرلەمان، پێویستە كۆمیسیۆنێك بۆ جێبەجێكردنی هەنگاوەكانی ئاشتی بهێنێت و كۆبوونەوەیەك لەبارەی شێوازی كۆمیسیۆنەكە بەڕێوەبچێت.