سکرتێری گشتیی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لەبارەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر ئێران رایگەیاند، شەڕفرۆشتن لە بەرژەوەندی هیچ لایەک نییە و دژی هێرشەکەی ئیسرائیلن.
محەمەد حاجی مەحمود سکرتێری گشتیی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان هەڵوێستی خۆی لەبارەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر ئێران راگەیاند و ئاماژەی بەوەکردووە، لەکاتێکدا کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەمریکا لە هەوڵی گفتوگۆ و دانوستاندا بوون، سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی جارێکی تر ئیسرائیل هێرشێکی ناڕەوای کردە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ نانەوەی ئاژاوە و شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی ناوچەکە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بەتوندی سەرکۆنەی ئەو هێرش و پەلاماردانە دەکات بۆسەر خاکی کۆماری ئیسلامی ئێران، کە دەبێتە هۆکاری ئاژاوە و نائارامی و ناسەقامگیری زیاتر لە ناوچەکەدا.
محەمەد حاجی مەحمود دەشڵێت: وێڕای تەئکیدکردنەوەمان لە پێویستی و گرنگی گفتوگۆ و دیالۆگ بۆ چارەسەری گرفتەکان لە ناوچەکە، رایدەگەیەنین؛ شەڕفرۆشتن لەبەرژەوەندی هیچ کەس و لایەک نییە و ئێمە دژی هێرش و پەلاماردانە ناڕەواکەی ئیسرائیلین، کە دەبێتە مایەی جەنگێکی درێژخایەن و زیانگەیاندن بە گەلانی موسوڵمانی ناوچەکە.
شەوی رابردوو ئیسرائیل لەرێگەی 200 فڕۆکەی جەنگییەوە هێرشی کردە سەر ئێران و بەهۆیەوە سێ فەرماندەی پلەباڵای سەربازی و چەند فەرماندەیەکی دیکە و راووێژکاری خامنەیی و شەش زانای ئەتۆمی کوژران.