ئیسرائیل ئەو ئامانجانە ئاشکرا دەکات کە لە لوبنان هێرشی کردووەتە سەر
رەوەز
٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
سوپای ئیسرائیل چەند شوێنێکی لە باشوری بەیروت بۆردومان کرد کە بە وتەی خۆی دامەزراوەی ژێرزەمینیان تێدایە کە حزبوڵڵا بۆ دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکاریدەهێنێت.
ئەم هێرشانەی ئەمشەوی ئیسرائیل دەبێتە چوارەم هێرش لە دوای ئەو ئاگربەستەوە کە بە نێوەندگیری ئەمریکا لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵادا ئەنجامدرا.
کاربەدەستانی ئیسرائیل رایانگەیاند کە ئامانجی هێرشەکان بۆ رێگریکردنە لە خۆ رێکخستنەوەی ئەندامانی حزبوڵای لوبنان.
سوپای ئیسرائیلیش لەدوای هێرشەکە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە "کە حزبوڵا کاردەکات بۆ بەرهەمهێنانی هەزاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەژێر چاودێری و دابینکردنی بودجەی گروپە تیرۆریستییە کاندا".
لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەشداوە حزبوڵا "لە هێرشەکانیدا بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل بە شێوەیەکی بەرفراوان لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کەڵکی وەرگرتووە و کاردەکات بۆ فراوانکردنی پیشەسازی و بەرهەمهێنانی ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە وەک ئامادەکارییەک بۆ شەڕی داهاتوو".
بە وتەی سوپای ئیسرائیل، ئەو ئامانجانەی هێرشی دەکەنە سەر سەر بە یەکەی هێزی ئاسمانی حزبوڵڵا (یەکەی 127)ە لە گەڕەکێک لە باشووری بەیروت.
پێشتر وتەبێژی سەربازی ئیسرائیل، هەڕەشەی کردبوو کە چەند باڵەخانەیەکی حزبوڵای لوبنان لە گەڕەکی باشووری ئەو وڵاتە دەکاتە ئامانج و داوای لە دانیشتوانی نزیک ئەو باڵەخانانە کردبوو کە لانیکەم 300 مەتر دوور بن.
هاوکات دژ بەم هێرشانە، جوزیف عەون سەرۆکی لوبنان، هێرشی توندی کردە سەر ئیسرائیل و بە تێکدەری ناوچەکە ناوی هێنا.
بەرپرسێکی حزبوڵا بە سکای نیوزی وتووە، ئەو شوێنانەی کە کراونەتە ئامانج هیچ دامەزراوەیەکی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لەخۆ نەگرتووە. ئەو بەرپرسە رونیشیکردەوە کە "رێککەوتن بۆ ئاگر بەستکرابوو، بەڵام ئیسرائیل بەگشتی و بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیران بەتایبەتی، دەیانەوێت شەڕ لە ناوچەکە بەردەوام بێت".
ململانێی ئەم دواییەی لوبنان بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە چوار هەزار کەس لە لوبنان کە سەدان هاوڵاتی مەدەنیشیان تێدایە، هاوکات حکومەتی لوبنان لە مانگی نیسانی رابردوودا رایگەیاندبوو کە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل لە دوای رێککەوتنی ئاگربەستەوە 190 کەسی دیکە کوژراون و 485 کەسیش برینداربوون.