قائیمقامییەتی سلێمانی بەرهەمهێنانی ساڵانەی مریشک و هێلکەی لە پارێزگاکە راگەیاندووە و دەڵێت، لە بەرهەمهێنانی ئەو دوو بەرهەمەدا پێشەنگی شارەکانی عیراقە.

قائیمقامییەتی سلێمانی رایگەیاندووە، لە سلێمانی 14 پرۆژەی بەرهەمهێنانی هێلکەی مریشک لە کاردان و بەرهەمی ساڵانەیان دەگاتە 65 ملیۆن هێلکە، کە نیوەی دەخرێتەوە ناو بازاڕی سلێمانی و نیوەکەی دیکەشی دەنێردرێتە بازاڕی شارەکانی دیکە و ناوەراست و خوارووی عیراق.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا حەوت پرۆژەی دیکەی بەرهەمهێنانی هێلکە لە قۆناغی تەواوبووندان.

ئەوەش هاتووە، لە ئێستادا 12 پرۆژەی هەڵهێنانی جوچک لە پارێزگاکەدا هەیە و بەرهەمەکەیان دەنێردرێت بۆ کێڵگە پەلەوەرییەکان، بە جۆرێک لە سنوری سلێمانی 620 کێڵگەی پەلەوەری هەیە و توانای بەرهەمهێنانی رۆژانەیان دەگاتە 350 تۆن مریشک لە رۆژێکدا، کە 150 تۆنی لە بازاڕەکانی سلێمانیدا ساغ دەکرێتەوە و رێژەی 60٪یشی دەنێردرێتە ناوەراست و خوارووی عیراق.

هەریەک لە هێلکە و مریشک پێداویستییەکی سەرەکی رۆژانەی هاووڵاتیانن و لە رابردووشدا چەندین جار ئەوە روویداوە کە بەرهەمی کارگەکان نەیانتوانیوە پێداویستی ناوخۆ پڕ بکەنەوە و بەهۆیەوە نرخەکانیان روویان لە بەرزبوونەوە کردووە، بەڵام لە ئێستادا بەپێی راگەیەنراوەکانی قائیمقامییەتی سلێمانی، بە نزیکەیی ئەو گرفتە نەماوە.