دوو گەنج لە رووباری خابووردا خنکان
هەساو ئەمیر
٢٥ی ئایاری ٢٠٢٥
بەرگری شارستانی هەرێم رایگەیاند، شەوی رابردوو دوو گەنج لە رووباری خابووردا خنکاون.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرگری شارستانیی هەرێم رایگەیاند، سەعات 11:00ی شەوی رابردوو ئاگادارکراونەتەوە بە بوونی روداوێکی خنکان لە رووباری خابووری زاخۆ.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای گەیشتنی تیمەکان بۆ شوێنی روداوەکە دەرکەوتووە کە دوو گەنجی تەمەن 16 ساڵ لە رووباری خابووردا خنکاون.
ئەوەش هاتووە، دوو گەنجەکە دانیشتووی زاخۆبوون و هەر شەوی رابردوو تەرمەکانیان دەرهێنراوەتەوە و رەوانەی پزیشکی دادی زاخۆ کراون.
روداوەکانی خنکان یەکێن لە هۆکارەکانی گیانلەدەستدان لە هەرێم، کە بەهۆی نەزانینی مەلە، یان نەشارەزایی لە سروشتی ناوچەکە و ئەو ئاوەی مەلەی تێدا دەکرێت روودەدەن، بەرگری شارستانیش هەمیشە داوا لە هاووڵاتیان دەکات، لە ئاوی چەم و رووبارەکاندا مەلە نەکەن، یانیش لە ئاوی ناوچەیەکدا مەلە نەکەن کە یەکەمجاریانە بۆی دەچن و شارەزای نین.