سەرۆکی ئۆکراین ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی راگەیاند زیاتر لە 300 سەربازی وڵاتەکەی کە لەلایەن هێزەکانی روسیاوە بە دیل گیرابوون، ئازاد کراون و گەڕاونەتەوە ماڵەوە.
ئەم ئازادکردنە لە چوارچێوەی دووەم رۆژی گۆڕینەوەی دیلەکانی نێوان ئۆکراین و روسیادا دێت.
زیلینسکی لە پەیامێکی ڤیدیۆیی تایبەتدا ئاشکرایکرد کە زۆرینەی ئەو سەربازانەی ئازادکراون لە هەرێمی دۆنێتسک بەدیل گیرابوون، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە هەندێک لەو سەربازانە لە ساڵی 2022ەوە لە دەستی هێزەکانی روسیادا بوون.
سەرۆکی ئۆکراین جەختیکردەوە: "ئەرکی ئێمە ئەوەیە هەموو ئەو کەسانە بە تەواوی بگەڕێنینەوە ماڵەوە کە ئێستا لە روسیا دەستبەسەرن. ئەمە ئەرکێکی هاوبەشە بۆ دەزگا هەواڵگرییەکانمان، بۆ دیپلۆماتەکانمان و تەواوی دەوڵەتەکەمان."
هەروەها زیلینسکی دانیپێدانا، کە ئەم پرۆسەیە ئاسان نییە، بەڵام پێویستە جێبەجێ بکرێت.
ئۆکراین و روسیا رۆژی هەینی هەریەکەیان کۆی گشتی 390 سەرباز و هاووڵاتیی مەدەنیان ئازاد کرد.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت رۆژی یەکشەممە دیلی زیاتر ئاڵۆگۆڕ بکرێن.
گفتوگۆکانی ئاڵۆگۆڕی دیلەکان لە سەرەتای ئەم مانگە لە شاری ئیستەنبوڵ دەستیان پێکرد، کە لەو گفتوگۆیانەدا کیێڤ و مۆسکۆ رێککەوتن لەسەر ئاڵوگۆڕکردنی هەزار دیلی جەنگ و دەستبەسەری مەدەنی لە هەر دوو لاوە.
لە لایەکی تر، ئاڵوگۆڕی دیلەکان چەند سەعاتێک دوای هێرشێکی بەرفراوانی درۆن و موشەکی روسیا بۆ سەر کیێڤ ئەنجام درا کە لانیکەم 15 کەسی بریندار کرد.