نوێنەری تایبەتی ترەمپ لە ئیستەنبوڵ لەگەڵ سەرۆکی نوێی سوریا کۆدەبێتەوە
رەوەز
٢٤ی ئایاری ٢٠٢٥
نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترامپ بۆ سوریا لە تورکیا لەگەڵ سەرۆکی سوریا کۆبووەوە و تاوتوێی جێبەجێکردنی بڕیاری هەڵگرتنی سزا ئابوریەکانی سەر سوریایان کرد.
وردەکاری کۆبوونەوەکە:
تۆم بارەک، باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا و نوێنەری تایبەتی ترەمپ بۆ سوریا، ئەمڕۆ شەممە لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد: "لە ئیستەنبوڵ لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سوریا و ئەسعەد شیبانی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە کۆبوومەوە."
بارەک ئاماژەی بەوە کرد کە "تاوتوێی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ترەمپمان کرد بۆ هەڵگرتنی سزا ئابوریەکانی سەر سوریا و دوبارە گەڕانەوەی خۆشگوزەرانی و ئاشتی بۆ وڵاتەکە."
ئامانجی هەڵگرتنی سزاکان:
نوێنەری ئەمریکا باسی لەوەکرد، کە ئامانج لە هەڵگرتنی سزاکانی سەر سوریا تێکشکاندنی یەکجارەکی رێکخراوی داعشە لە وڵاتەکەدا. هەروەها ستایشی شەرعی کرد بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل.
سەردانی داهاتوی دیمەشق:
دەزگا راگەیاندنەکانی سوریا ئەمڕۆ بڵاویان کردەوە کە تۆم بارەک، نوێنەری تایبەتی ترەمپ بۆ سوریا، لەم هەفتەیەدا سەردانی دیمەشق دەکات و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
ئەم سەردانەی بارەک دەبێتە یەکەمین سەردانی ناوبراو بۆ سوریا لە دوای هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئەو وڵاتە بە بڕیارێکی ترەمپ کە لە سعودیەدا رایگەیاندبوو.
ڕۆژی هەینی 23ی پێنج ی 2025، تۆم بارەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) رایگەیاند کە هەڵگرتنی سزا ئابوریەکانی سەر سوریا لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە، دەبێتە هۆی تێکشکاندنی رێکخراوی داعش بەتایبەتی لەو وڵاتە.