هاتوچۆی هەرێم چەند بڕیارێکی تایبەت بە ماتۆڕسکیلەکان بڵاوکردەوە
هەساو ئەمیر
١٩ی ئایاری ٢٠٢٥
هاتوچۆی هەرێم چەند بڕیارێکی تایبەت بە ماتۆڕسکیلەکان بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، ماتۆڕسواران بەپێی جۆری سەرپێچییەکە سزا دەدرێن.
سەرپێچی و سزاکان بەم جۆرەن:
-ئەگەر ماتۆڕسواران بە دەنگی ئەگزۆز هاووڵاتیان هەراسان بکەن، ئەوا دەدرێنە دادگا و دەست بەسەر ماتۆڕەکەیاندا دەگیرێت.
-هەر ماتۆڕسوارێک لە ترافیکلایتەکان نەوەستێت سزای مادی دەدرێت.
-هەر ماتۆڕسوارێک کڵاو و سەرئەژنۆ و مەچەکپارێز بەکارنەهێنێت سزای مادی دەدرێت.
-ماتۆڕسواران سەرکێشی و نمایش بکەن دەدرێنە دادگا و دەست بەسەر ماتۆڕەکەیاندا دەگیرێت.
-ئەگەر ماتۆڕەکان لۆگۆی کۆمپانیاکانی گەیاندنیان پێوەبێت مانگانە سزاکە بۆ کۆمپانیاکە دەنێردرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، بەشێکی زۆری هاووڵاتیانی هەرێم ئێستا بێزارن لەدەست بەرزی دەنگی ماتۆڕەکان و نمایشە سەرکێشییەکانیان لەسەر شەقامی گشتی و گەڕەک و کۆڵانەکاندا.