بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، بەغدادی پایتەختی عیراق لوتکەی وڵاتانی عەرەبی و لوتکەی گەشەپێدان بەڕێوەدەبات و چاوەڕوان دەکرێت سەرکردەی زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی تیایدا بەشدار بن.

ئەمڕۆ شەممە، بەغداد بە دروشمی "پایتەختی شارستانیەت پێشوازی لە براکانی دەکات" خولی 34ـی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی و خولی 5ـی لوتکەی گەشەپێدان بەڕێوەدەبات.

پێشتر، د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق رایگەیاندبوو؛ کە میوانداریکردنی بەغداد بۆ لووتکەی عەرەبی دەگەڕێتەوە بۆ رۆڵی سەرەکی و هەوڵە جەمسەرییەکانی بۆ پتەوکردنی کاری هاوبەش بۆ روبەڕوبونەوەی ئەو ئاڵنگاریانەی روبەڕوی ناوچەکە دەبنەوە و پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان برایان بەشێوەیەک کە بەرژەوەندیی گەلەکانمان بپارێزێت ودوپاتیشی کردەوە کە لوتکەی عەرەبی باس لەپرسە چارەنووسسازەکان دەکات و پەسەندکردنی ئەو بڕیارانەی کەیارمەتیدەربن لەگەیشتن بەئاشتی و سەقامگیری بۆ گەلانی ناوچەکە

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عیراق، لە لێدوانێکیدا رایگەیاند: "بەستنی لوتکەی عەرەبی لە بەغداد، جەختکردنەوەیە لەسەر ڕۆڵی بەرچاوی عیراق لە پێشخستنی ناوچەکەدا و دەستپێکردنی هەنگاوەکان بەرەو داڕشتنی هەڵوێستێکی یەکگرتووی عەرەبی سەبارەت بە پرسە جیاوازەکان."

لوتکەی وڵاتانی عەرەبی ئەو کۆنفرانسەیە کە سەرۆک و سەرکردە باڵاکانی وڵاتانی عەرەبی و چەندین رێکخراوی گەورەی تێدا بەشدارن و گفتوگۆ لەبارەی پرسی سیاسی و ئەمنی و سەرجەم پرسە گەرمەکانی ناوچەکە دەکەن و چەندین بڕیاری تێدا دەدرێت.

لوتکەکە تەمەنی 79 ساڵە، کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1946 یەکەم لوتکەی وڵاتانی عەرەبی ئەنجامدرا و لە ساڵی 2000یشەوە بەشێوەیەکی ساڵانە هەر جارە و لە وڵاتێک ئەنجام دەدرێت.

بەغداد بە درێژایی ئەو 79 ساڵە تاوەکو ئێستا سێ جار میوانداری لوتکەکەی کردووە لە ساڵەکانی 1978، 1990 و 2012، کە دووەم لوتکەی عەرەبی لە بەغداد ئەنجام دراوە.

لوتکەی سبەینێی وڵاتانی عەرەبی لەژێر ناوی "دیالۆگ و هەماهەنگی و گەشەپێدان" دەبێت و بڕیارە هەریەک لە پرس و ئاڵەنگارییە سیاسی و ئابورییەکانی ناوچەکە و پرسی ئاسایش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر مێزی گفتوگۆ بن.