ڤلادمیر پوتن سەرۆکی روسیا ئەمڕۆ شەممە بانگهێشتنامەی فەرمی بۆ سەرکردە عەرەبییەکان و ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی ناردووە بۆ بەشداریکردن لە یەکەم کۆبونەوەی لوتکەی روسیا-عەرەبی کە بڕیارە رۆژی 15ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

ماڵپەڕی کرێملین بڵاویکردووەتەوە، پوتن رایگەیاندووە: "سەرۆکی وڵات و حکومەتە بەڕێزەکان، بە بۆنەی کردنەوەی 34ەمین لوتکەی کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی بە گەرمی سڵاوتان لێدەکەم. ئێمە بڕیارمانداوە بەردەوام بین لە پەرەپێدانی دیالۆگی بنیاتنەر لەگەڵ کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی و پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ سەرجەم ئەندامەکانی."

سەرۆکی روسیا لە درێژەی پەیامەکەیدا وتویەتی: "لەم بارەیەوە دەمەوێت بانگهێشتی سەرجەم سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندامی کۆمەڵەکەتان بکەم، هەروەها سکرتێری گشتی کۆمەڵەکە، بۆ بەشداریکردن لە یەکەمین لوتکەی روسیا-عەرەبی، کە پلانمان هەیە لە 15ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجامی بدەین."

بەگوێرەی میدیاکانی روسیا، مۆسکۆ لە رێگەی ئەم لوتکەیەوە هەوڵدەدات هاوبەشی خۆی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بەهێزتر بکات و ئاسۆی هاوکاری سیاسی و ئابوری لە ژێر رۆشنایی خێراترکردنی گۆڕانکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بکاتەوە.

شایەنی باسە ئەم لوتکەیە کە یەکەمین لوتکەیە لە جۆری خۆیدا، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی روسیا دێت بۆ قوڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ جیهانی عەرەبی لەسەر هەردوو ئاستی دولایەنە و بەکۆمەڵ، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئامادەیی روسیا لە کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەرەدەسێنێت.