د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە کۆشکی سەلام لە بەغداد پێشوازیکرد لە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان و وەفدی یاوەری کە سەردانی عیراقیان کردوە بۆ بەشداریکردن لە کارەکانی لوتکەی عەرەبی لە بەغداد لە کۆبوونەوەی 34 ـەمینی خۆیدا.

له سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار شانازی خۆی به بەشداریکردنی له کارەکانی لوتکەی عەرەبی دەربڕی و ستایشی ئاستی هاوکاری بنیاتنەر و پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان عیراق و نەتەوە یەکگرتووەکان و رۆڵی مرۆیی کرد لە رێگەی رێکخراو و دەزگاکانی کارکردن لەو وڵاتەدا.

هاوکات د. لەتیف رەشید ئاماژەی بە گرنگی رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد لە بەرەوپێشبردنی ئاسایش و ئاشتی و سەقامگیری لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و هەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کارەساتی ژینگەیی و سروشتی و گۆڕانی کەشوهەوا و بەرەنگاربوونەوەی هەژاری و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و بڵاوکردنەوەی بەهاکانی خۆشەویستی و هاوکاری و لێبوردەیی لەنێوان گەلاندا.

لە کۆبوونەوەکەدا تەوەرەکانی لووتکەی عەرەبی لە بەغداد و ئەو بڕیار و راسپاردانە تاوتوێ کرا کە دەردەچن بۆ بەهێزکردنی دەرفەتی ئاشتی لە ناوچەکە بەمەبەستی بەدیهێنانی ئاوات و هیواکانی گەلان.

سەرۆک کۆماری عیراق جەختی لەوەکردەوە کە بەستنی کۆبوونەوەکە لە بەغداد ئاماژەیە بۆ رۆڵی سەرەکی عیراق لە ناوچەکە و پشتیوانی بۆ هەر هەوڵێکی نێودەوڵەتی ببێتە هۆی پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری و رێزگرتن لەسەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵاتان و هیوای خواست کە لوتکەی بەغداد بە بڕیارێک دەربچێت کە پرۆسەی کاری هاوبەشی عەرەبی بەهێز بکات و پاڵپشتی هاوخەباتی نێوان وڵاتانی ناوچەکە بکات.

هەروەها تاوتوێی قەیرانی ئاو و پێویستی هەوڵی هاوبەش بۆ دەستەبەرکردنی بەشێکی دادپەروەرانە و پێویست بۆ عیراق بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی سەرەوەی ئاو کرا و هەروەها دۆسیەی یەزیدی و پێویستی بەردەوامی لێکۆڵینەوەیان کرد بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی بێسەروشوێنەکان و چارەسەرکردنی ئەم کێشە مرۆییە.

لای خۆیەوە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەسەر گرنگی رۆڵی زیندووی عیراق و هەوڵەکانی بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە کردەوە و سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە سەردانەکەی بۆ عیراق و بانگهێشتکردنی بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی عەرەبی لە بەغداد.

هەروەها سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هیوای سەرکەوتنی لوتکەی بەغداد و بەدیهێنانی ئامانجەکانی لە بەهێزکردنی هاریکاری و هەماهەنگی و کاری هاوبەشی نێوان وڵاتانی عەرەبی دەربڕی بەمەبەستی خزمەتکردن بە پرۆسەی گەشەپێدانی بەردەوام و پشتیوانیکردن لە هەوڵەکان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.