تەرمی هونەرمەند محەمەد عەباس بارام دەگەڕێنرێتەوە هەرێمی کوردستان
هەساو ئەمیر
١٦ی ئایاری ٢٠٢٥
دوای ئەوەی بەیانی دوێنێ هونەرمەند محەمەد عەباس بارام لە ئوردن کۆچی دوایی کرد و بەخاک سپێردرا، لەسەر داوای کەسوکارەکەی و لەسەر ئەرکی قوباد تاڵەبانی، تەرمەکەی دەگەڕێنرێتەوە هەرێمی کوردستان.
دوێنێ هونەرمەند محەمەد عەباس بارام لە تەمەنی 73 ساڵیدا و لە ئوردن کۆچی دوایی کرد، هەر لە وڵاتی ئوردن بەخاک سپێردرا.
ئەمڕۆش هاوسەری ئەو هونەرمەندە رایگەیاندووە، لەسەر ئەرکی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی ئەمشەو تەرمەکەی دەردەهێنرێتەوە و دەخرێتەوە ساردکەرەوەوە تاوەکو مامەڵە یاساییەکانی بۆ دەکرێت و دواتر تەرمەکەی دەگەڕێنرێتەوە شاری سلێمانی.
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە تەرمەکەی لە ئوردنەوە بگەڕێنرێتەوە بۆ شاری سلێمانی و لەگەڵ گەیشتنەوە و بەخاکسپاردنیشیدا پرسەی بۆ دادەنرێت.
محەمەد عەباس بارام ئاوازدانەر و گۆرانیبێژ، لە ساڵی 1952 لە کەرکووک لەدایک بووە.
لە سەرەتای ساڵانی حەفتاکاندا بەشی میوزیکی پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی بەغدادی تەواو کردووە، خاوەنی دەیان گۆرانیی تۆمارکراوە، بەڵام زیاتر بە گۆرانیی (ئاگرێکی بێ خۆڵەمێش) ناوبانگی دەرکرد.