سبەینێ شەممە، بەغدادی پایتەختی عیراق لوتکەی وڵاتانی عەرەبی و لوتکەی گەشەپێدان بەڕێوەدەبات و چاوەڕوان دەکرێت سەرکردەی زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی تیایدا بەشدار بن.

سبەینێ شەممە، بەغداد بە دروشمی "پایتەختی شارستانیەت پێشوازی لە براکانی دەکات" خولی 34ی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی و خولی 5ی لوتکەی گەشەپێدان بەڕێوەدەبات.

لوتکەی وڵاتانی عەرەبی ئەو کۆنفرانسەیە کە سەرۆک و سەرکردە باڵاکانی وڵاتانی عەرەبی و چەندین رێکخراوی گەورەی تێدا بەشدارن و گفتوگۆ لەبارەی پرسی سیاسی و ئەمنی و سەرجەم پرسە گەرمەکانی ناوچەکە دەکەن و چەندین بڕیاری تێدا دەدرێت.

لوتکەکە تەمەنی 79 ساڵە، کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1946 یەکەم لوتکەی وڵاتانی عەرەبی ئەنجامدرا و لە ساڵی 2000یشەوە بەشێوەیەکی ساڵانە هەر جارە و لە وڵاتێک ئەنجام دەدرێت.

بەغداد بە درێژایی ئەو 79 ساڵە تاوەکو ئێستا سێ جار میوانداری لوتکەکەی کردووە لە ساڵەکانی 1978، 1990 و 2012، کە دووەم لوتکەی عەرەبی لە بەغداد ئەنجام دراوە.

لوتکەی سبەینێی وڵاتانی عەرەبی لەژێر ناوی "دیالۆگ و هەماهەنگی و گەشەپێدان" دەبێت و بڕیارە هەریەک لە پرس و ئاڵەنگارییە سیاسی و ئابورییەکانی ناوچەکە و پرسی ئاسایش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر مێزی گفتوگۆ بن.