قوباد تاڵەبانی بەشداری لە فێستیڤاڵی سینەمایی كان كرد
ئاکام
١٥ی ئایاری ٢٠٢٥
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان
جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی ناساندنی كولتوور و مێژووی كورد، بەشداری لە فێستیڤاڵی سینەمایی كان كرد.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و فیلم كۆمیسیۆنی كوردستان-سلێمانی، بەشدارییان لە مارشی دوو فیلمی فێستیڤاڵی سینەمایی كان كرد، ئەوەش جاری یەكەمە هەرێمی كوردستان بەشداریی لە یەكێك لە گەورەترین فێستیڤاڵەكانی فیلم لە جیهاندا بكات، كە ئامانج لێی ناساندنی كوردستان و كولتوور و مێژووی كوردە بە وەبەرهێنەرە جیهانییەكان.
قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڤێ یاسین سەرۆكی فیلم كۆمیسیۆنی كوردستان-سلێمانی لە پانێڵێكی كراوەدا باسیان لە ئامانج و چالاكییەكانیان كرد بۆ بەرەوپێشبردنی پیشەسازیی سینەما لە ناوچەكەدا و هەوڵدەدەن چیرۆكی زیاتری كوردی بگەیەنن.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاندوە: کوردستان وڵاتی چیرۆکە نەگێڕدراوەکانە، لە چیرۆکە تراژیدییەکانی ئەنفالەوە تا چیرۆکە سەرسووڕهێنەرەکانی بەرخۆدان و خۆڕاگری. ئەو چیرۆکە جوان و پڕواتا و سەرنجڕاکێشانەی جیهان تامەزرۆی بیستن و بینینیانە، ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ کەسانی پسپۆڕ کاردەکەین بۆ دروستکردنی ناوەندێکی سینەمایی بۆ گێڕانەوەی ئەم چیرۆکانە و بوونیادنانی ژێرخانێکی پتەو بۆ سینەمای کوردستان، هەر لەم چوارچێوەیەدا بەشداریم کرد لە فستیڤاڵی فیلمی کان تا لەوێوە مزگێنیی دامەزراندنی کۆمیسیۆنی فیلمی کوردستان – سلێمانی رابگەیەنم.
ئاماژەی بەوەشداوە: کۆمیسیۆنەکە ئامانجییەتی کوردستان بخاتە سەر نەخشەی سینەمای جیهانی و دەبێتە پردێکی پەیوەندیی لەنێوان کوردستان و کۆمپانیا جیهانییەکانی بەرهەمهێنانی فیلم تا لە کوردستان فیلم بەرهەم بهێنن و دەرفەتیش دروست دەکات بۆ بەشداریکردنی ئەکتەر و سینەماکارانی کورد لەو بەرهەمە جیهانییانەدا. هەروەها لەڕێی راهێنانەوە کاردەکات بۆ پەرەپێدانی کارامەیی سینەماکارانی کوردستان.






