یونیسێف: لە ٪90ی هاووڵاتیانی غەززە لە ئاوی پاكی خواردنەوە بێبەشن
سەعید سەروەت
٩ی ئایاری ٢٠٢٥
زیاتر لە ٪90ی هاووڵاتیانی غەززە و بەتایبەت منداڵان دەستیان بە ئاوی پاكی خواردنەوە ناگات و هۆشداری لە روودانی كارەسات دەدرێت.
سندوقی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان هۆشداری لەبارەی قەیرانێكی مەترسیداری نەبوونی ئاوی پاكی خواردنەوە لە غەززە دەدات و رایگەیاندوە، لە هەر 10 كەسێك لە غەززە تەنها یەك دەستی بە ئاوی پاكی خواردنەوە دەگات و ئەو رەوشەش ژیانی ملیۆنان كەس و بەتایبەت منداڵانی خستووەتە مەترسیەوە.
ئاماژەی بەوەش كردوە، لە 2024دا، بە چەند هەوڵێك ئاوی پاك بۆ نزیكەی 600 هەزار كەس دابینكراوە، بەڵام كورتخایەن بووە و دووبارە كێشەكە سەریهەڵداوەتەوە.
قەیرانەكانی غەززە تەنها نەبوونی ئاوی خواردنەوە نییە، بەڵكو بەپێی مەزەندەی نەتەوە یەكگرتووەكان، نزیكەی دوو ملیۆن كەس لە كەرتەكە كە بەشێكی زۆریان منداڵن پێویستیان بە خۆراك و پێداویستی پزیشكی هەیە.
تا دێت رەوشەكە بەرەو خراپتر دەڕوات و بەهۆی پچڕانی هێڵی كارەباوە پڕۆسەی گرنگی وەك پاڵاوتنی ئاو وەستاون.