ئەنجومەنی وەزیران راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
رەوەز
٣٠ی نیسانی ٢٠٢٥
حكومەتی هەرێم جەخت دەكاتەوە لەوەی بۆ دەستپێكردنەوە بە هەناردەی نەوت، پابەندییەکانی خۆی بەتەواوی جێبەجێ کردوە و هیچ ئاستەنگ و بەربەستێک لەلایەن هەرێمەوە نییە.
ئەمڕۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوەوە و لە پاش کۆبوونەوەکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە کە لە کۆبوونەوەکەدا باس لە چەند پرسێک کراوە و بڕگەی دووەمیش تایبەتکراوە بە خەرجكردنی شایستە داراییەكانی خانەنشین بوەكان، لەو روەشەوە ئەنجومەنی وەزیران بڕیار دا كە لیژنەی تایبەتمەندی هاوبەش پێکبهێنن بۆ دانانی رێکار و میکانیزمیی گونجاو بۆ ئاسانکاریی لە زو بەجێگەیاندنی ڕێکارەکانی خانەنشینی و خەرجکردنی موچە و شایستەکانی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لە کەرتەکانی مەدەنی و سەربازیی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ.
ئەمەش دەقی راگەیەندراوەكەیە:
ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد، بەزوترین کات لیژنەی تایبەتمەندی هاوبەش پێکبهێنن بۆ دانانی ڕێکار و میکانیزمی گونجاو بۆ ئاسانکاری لە زو بەجێگەیاندنی ڕێکارەکانی خانەنشینی و خەرجکردنی موچە و شایستەکانی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی نيسانى 2025، بە سەرپەرشتيی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.
لە سەرەتای کۆبونەوەکەدا، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، دوا پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە گفتوگۆ و دانوستانەکانی تایبەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای یاسای هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتیی عێراقی فیدراڵ و ئەنجامی کۆبونەوەی هەردو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ و کۆبونەوەی هاوبەشی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان خستەڕو.
وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، لە ڕاپۆرتێکدا، ڕونی کردەوە کە وەزارەتیان ئەوەندەی پەیوەندی بە حکومەتی هەرێم هەبێت، پابەندییەکانی خۆی بەتەواوی جێبەجێ کردوە بە ئاراستەی هەرچی زو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و دانانی داهاتەکەی لە گەنجینەی گشتيی فیدڕاڵ، لەم ڕوەوە هیچ ئاستەنگ و بەربەستێک لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە نییە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم.
دواتر هەریەک لە ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، وردەکاريی تەوەرەکانی گفتوگۆی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانيان لەسەر ئاستی حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتیيەکان خستەڕو و ئاماژە بەو بڕگانەی گفتوگۆکان درا کە بەرەوپێشچونی باشیان بەخۆوە بینیوە و هەوڵەکان بەردەوامن بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو تەوەرانەی ماون و پەیوەندیدارن بە کۆمپانیا نەوتییەکان.
ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی بۆ پشتیوانيی دانوستان و گفتوگۆکانی نێوان هەردو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکان دوپات دەکاتەوە بۆ هەرچی زو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت. لەم پێناوەشدا، ئەنجومەنی وەزیران داوا لە وەزارەتی سامانەسروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و کۆمپانیا نەوتيیەکان و کۆمپانیای سۆمۆ دەکات، لە هاوئاهەنگی و دانوستان بەردەوام بن بۆ ئەوەی لە زوترین کاتدا، بابەتەکان یەکلایی بکەنەوە و بگەنە ڕێککەوتن و دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بکەن بۆ ئەوەی چیتر زیانی دارایی بە گەنجینەی گشتی نەگات کە دەیان ملیار دۆلاری تێپەڕاندوە.
لە بڕگەی دوەمدا، گفتوگۆ لەسەر ڕێکخستنەوەی دامەزراوەی بەڕێوەبردنی خانەنشینی گشتی لە هەرێمی کوردستان کرا لە بەر ڕۆشنایی یاسای خانەنشینی گشتی یەکگرتوی ژمارە 9 ی ساڵی 2014 و بڕیاری دادگای فیدراڵی، لەم بڕگەیەدا لەلایەن عەبدولحەکیم خسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون ڕاپۆرتێک خرایەڕو.
لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لە بایەخدانی تایبەت بە خانەنشینان و ڕەچاوکردنی تایبەتمەندییان کە تەمەنی خۆیان لە خزمەتی گشتی بەسەربردوە و شایانی خزمەتکردنن، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی (دارایی و ئابوری، كاروباری پێشمەرگە و ناوخۆ )ی ڕاسپارد، بەزوترین کات لیژنەی تایبەتمەندی هاوبەش پێکبهێنن بۆ دانانی ڕێکار و میکانیزمیی گونجاو بۆ ئاسانکاریی لە زو بەجێگەیاندنی ڕێکارەکانی خانەنشینی و خەرجکردنی موچە و شایستەکانی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لە کەرتەکانی مەدەنی و سەربازیی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، بەجۆرێک کە ڕاییکردنی مامەڵەکانی خانەنشینی و خەرجکردنی شایستەکانیان دوا نەکەوێت.