وەزارەتی دەرەوەی سوریا بە توندی هەر جۆرە دەستوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەی رەت کردەوە و جەختی لەسەر پابەندبونی حکوومەتی سوریا بۆ پاراستنی هەموو پێکهاتەکانی وڵاتەکەی کردەوە.

لە راگەیەنراوێکدا کە رۆژی چوارشەممە، 30ـی نیسانی 2025 بڵاو کرایەوە، وەزارەتی دەرەوەی سوریا سەبارەت بە روداو و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی چەند ناوچەیەکی وڵاتەکەی، بە توندی رایگەیاند "هەموو جۆرە دەستوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆییان رەت دەکەنەوە."

بەپێی راگەیەنراوەکە، وەزارەتی دەرەوەی سوریا هەموو داواکارییەکانی ئەم دواییەی "گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا" کە داوای "پارێزپەندی نێودەوڵەتی" دەکەن، بە نایاسایی وەسف کردووە و بە تەواوەتی رەتی کردوونەتەوە.

هەروەها لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە کە هەڵسوکەوت و داواکارییەکانی ئەو گروپانەی دەرەوەی یاسا، هەوڵێکە بۆ تێکدانی سەقامگیریی سوریا و هەڕەشەیە بۆ سەر یەکێتییەکەی و لاوازکردنی هەوڵە نیشتمانییەکان بۆ سەپاندنی ئاسایش لە سەرجەم ناوچەکانی ئەم وڵاتە.

لە کۆتاییدا، وەزارەتی دەرەوەی سوریا، پابەندبوونی خۆی بەرانبەر بە پاراستنی سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی سوریا بەبێ جیاوازیی، لە نێویشیاندا دروزەکان دووپات کردووەتەوە و رایگەیاندووە: "ئەوان بەشێکی ڕەسەنی پێکهاتەی گەل و نیشتمانیی سوریان."