پێنج دامەزراوە و کەسایەتی سزا دران کە پەیوەندییان بە پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران هەیە
رەوەز
٩ی نیسانی ٢٠٢٥
لە هەنگاوێکی نوێدا و تەنها دوو رۆژ دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران دەربڕی، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پێنج دامەزراوە و کەسایەتی سزا دا کە پەیوەندییان بە پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران هەیە.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە واشنتۆن رایگەیاند: "ئەو هەوڵە مەترسیدارانەی ئێران بۆ دەستخستنی چەکی ئەتۆمی، هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی ئەمەریکا و جیهان بەگشتی."
بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی گەنجینە، ئەو کەس و لایەنانەی راستەوخۆ لەگەڵ رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران و کۆمپانیای تەکنۆلۆجیای سەنتەرفیوجی ئێران کاریان کردووە سزا دراون، کە رۆڵی سەرەکی لە پەرەپێدانی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێراندا دەبینن.
بێسێنت جەختی کردەوە: "ئەمەریکا هەموو ئامراز و توانایەکی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی ڕێگە لە هەوڵەکانی ئێران بگرێت بۆ دەستخستنی چەکی ئەتۆمی و جێبەجێکردنی سیاسەتە تێکدەرانەکانی لە ناوچەکەدا."
شایەنی باسە هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران زیاتر لە 20 ساڵە بەردەوامە و تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی لێ نەکەوتۆتەوە، وڵاتانی رۆژئاوا پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران بە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی جیهانی دەزانن.
سەرۆکی ئەمریکا لە ماوەی یەکەم خولی سەرۆکایەتی خۆیدا لە ساڵی 2017، ئەمەریکای لە رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 کە لەنێوان ئێران و شەش زلهێزی جیهانیدا ئیمزا کرابوو، کشاندەوە.
لە بەرانبەردا، بەرپرسێکی باڵای ئێرانی رایگەیاند: "ترەمپ خوازیاری رێککەوتنێکی نوێیە کە مەبەستی سەرەکی کۆتاییهێنانە بە هەژموونی ئێران لە ناوچەکە، هەڵوەشاندنەوەی پرۆگرامی ئەتۆمی و راگرتنی چالاکییە مووشەکییەکانیەتی، ئەمانەش بۆ تاران قبوڵ ناکرێن."
بەرپرسە ئێرانیەکە ئاماژەی بەوەشدا کە هۆشدارییەکانی ترەمپ سەبارەت بە کردەوەی سەربازی کاریگەری نییە و "هەڕەشەکان ئێران ناترسێنێت."