وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە لە بەیاننامەیەکدا ئاگاداری داوەتە هەمو موسڵمانان کە خۆیان بە دور بگرن لەو پرۆپاگەندانەی دەکرێن بە مەبەستی دابینکردنی ڤیزای حەج و جەختی کردەوە کە حەجکردن تەنها لە رێگەی فەرمییەوە بەردەستە.

لە بەیاننامەکەدا، وەزارەتی حەج و عومرەی سعودی رایگەیاندووە کە ڤیزای حەج تەنها لە رێگەی وەفدی فەرمی وڵاتانەوە دابین دەکرێت کە زیاتر لە 80 وڵات دەگرێتەوە، هەروەها لە رێگەی پلاتفۆرمی (نسک) کە ڤیزا بۆ 126 وڵات بەردەست دەکات.

هەروەها وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە موسڵمانانی ئاگادار کردۆتەوە کە باوەڕ بەو ریکلام و بانگەشە نافەرمییانە نەکەن کە لە رێگەی سۆشیال میدیا یاخود کەناڵەکانی دیکەوە بڵاو دەکرێنەوە، و جەخت دەکاتەوە، ئەو جۆرە بانگەشانە نوێنەرایەتی وەزارەت ناکەن و ئەوان لێیان بەرپرسیار نین.

لە کۆتاییدا، وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە بە مەبەستی زیاتر رێگەگرتن لەم دیاردەیە، سەنتەری چاودێری میوانانی ماڵی خوای گەورەی دامەزراندووە کە بە شەو و رۆژ بەردەستە و هاووڵاتیان دەتوانن پەیوەندی پێوەبکەن. 

لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی کوردستانیش هاووڵاتیانی کوردستانی ئاگادار کردۆتەوە کە هیچ جۆرە حەجێک جگە لە حەجی فەرمی لە کوردستان بەردەست نییە. هاووڵاتیان بۆ هەر پرسیارێک و وەرگرتنی زانیاری دەتوانن پەیوەندی بە هێڵی گەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی کوردستان بکەن بە ڕێگەی واتساپی ژمارە 009647505953534.