سەرۆک کۆماری ئێران: هەرگیز هەوڵمان نەداوە بۆمبی ئەتۆمیمان هەبێت
رەوەز
٩ی نیسانی ٢٠٢٥
سەرۆک کۆماری ئێران دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی هەرگیز هەوڵی نەداوە بۆمبی ئەتۆمی هەبێت و هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە رابەری باڵای ئێران داوای کردووە دانوستان لەگەڵ واشنتن تەنها بە شێوەی ناڕاستەوخۆ بێت.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە رێوڕەسمی رۆژی نیشتمانیی تەکنۆلۆجیای ناوەکی لە تاران گوتی: "وڵاتەکەمان هەرگیز هەوڵی نەداوە بۆمبی ئەتۆمی هەبێت، نامانەوێت نە ئێستا هەمان بێت نە داهاتوو".
سەرۆک کۆماری ئێران جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی "هەمیشە بە دوای ئاشتیدا دەگەڕێت" و لەو چوارچێوەیەشدا ئامادەیە پێشوازیی لە وەبەرهێنەرانی ئەمەریکی و هەموو وڵاتێکی دیکە بکات.
سەبارەت بە دانووستانی چاوەڕوانکراوی نێوان ئێران و ئەمەریکا لە رۆژی شەممەی داهاتوو، پزیشکیان گوتی: "ئێمە بۆ دانوستان ئامادەین، بەڵام بە شێوەیەکی راستەوخۆ نا، بەڵکو بە ناڕاستەوخۆ".
پزیشکیان رونی کردەوە کە "وەزیری دەرەوەی ئێران بە پشت بەستن بە ڕێنماییەکانی عەلی خامنەیی، رابەری باڵای وڵاتەکە، دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ نوێنەرانی ئەمەریکا لە عومان ئەنجام دەدات، بەڵام رابەری باڵای وڵاتەکەمان هەرگیز دانوستانی راستەوخۆ قبوڵ ناکات".
سەرۆک کۆماری ئێران لە درێژەی قسەکانیدا جەختی کردەوە کە "هەرگیز پیلانگێڕی و سیاسەتی تێکدەرانە و دەستوەردانی دەرەکی لە وڵاتەکەمان قبوڵ ناکەین".
لە لایەکی دیکەوە، رۆژنامەی واشنتن پۆست هەر ئەمڕۆ لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکییەوە بڵاوی کردووەتەوە کە تیمەکەی ستیڤ ویتکۆف کە نوێنەرایەتیی حکوومەتی ئەمەریکا دەکەن بۆ دانووستان لەگەڵ ئێران، لە ڕێگەی عومانەوە پەیامیان بۆ ئێران ناردووە و داوای دانووستانی راستەوخۆیان کردووە.
بەرپرسە ئەمەریکییەکە جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە ستیڤ ویتکۆف ئامادەیە سەردانی تاران بکات ئەگەر بانگهێشتنامەیەکی فەرمی پێ بگات، بەڵام "ئەگەر دانووستانەکان بە شێوەیەکی راستەوخۆ نەبن، رەنگە ویتکۆف بڕیار بدات گەشت بۆ عومان نەکات".
ئەمە هاوکاتە لەگەڵ سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێراندا لەلایەن ئەمریکاوە.