بانكی ناوەندی سوریا گەیشتنی بڕی 300 ملیار لیرەی سوری لە روسیاوە پشتڕاست دەكاتەوە.

بانكی ناوەندی سوریا بڵاویكردەوە، رۆژی هەینی لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشقەوە بڕی 300 ملیار لیرەی سورییان لە چاپی نوێ لە روسیاوە وەرگرتووە.

دەشڵێت، ئەو بڕەی بەدەستیان گەیشتووە بەشێكە لەو رێكکەوتنەی پێشووتر لەنێوان رژێمی سوریا و روسیادا ئیمزا كراوە.

بانكەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، بڕیار وابوو پارەكە پێش كۆتایی ساڵی رابردوو بگاتە دەستیان و بەپێی رێككەوتنەكە گوژمەی زیاتر لەو بڕەی ئێستا وەریانگرتووە ماوە بۆیان بنێردرێت كە بڕیارە لە داهاتوودا مۆسكۆ ئەوەش رەوانە بكات.

ئەمە لەكاتێكدایە كە پێشتر و بەپێی رێکكەوتنی نێوان بەشار ئەسەد و روسیا، لیرەی سوری لەو وڵاتە چاپدەكرێت و رەوانەكردنی ئەو پارانەش لەو چوارچێوەیەدایە.