تڕەمپ: ھەفتەی داھاتوو بەرپرسانی روسیا و ئەمریکا و ئۆکراین لە سعودیە کۆدەبنەوە
هەساو ئەمیر
١٤ی شوباتی ٢٠٢٥
دۆناڵد تڕەمپ رایگەیاند، ھەفتەی داھاتوو، بەرپرسانی ئەمریکا و روسیا و ئۆکراین لە سعودیە، کۆدەبنەوە.
دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە میانی دیداری لەگەڵ ناریندرا مۆدی سەرۆکوەزیرانی ھیندستان لە کۆشکی سپی بۆ رۆژنامەنووسان ئاشکرای کرد، ھەفتەی داھاتوو، بەرپرسانی ئەمریکا، روسیا و ئۆکراین لە سعودیە کۆدەبنەوە، بێ ئەوەی وردەکاری لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بخاتە روو.
جەختی لەوەش کردەوە، پێویستە لە زووترین کاتدا، کۆتایی بە جەنگی نێوان روسیا و ئۆکراین بھێنرێت.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو، تڕەمپ رایگەیاندبوو، بە جیا پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی روسیا و سەرۆکی ئۆکراین ئەنجام داوە و تیایدا باسیان لە کۆتاییھێنان بە جەنگ کردووە.
وتیشی، "ئەوان ئاشتیی دەخوازن، منیش ئاشتیی دەخوازم، دەمەوێت کوشتنی مرۆڤەکان رابگرم".
لە شوباتی ساڵی 2022ـەوە جەنگی نێوان روسیا و ئۆکراین دەستی پێکردووە، سەرەڕای ئەوەی چەندین جار کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای کۆتاییهێنان بە جەنگی کردووە و چەندین سزا بەسەر روسیادا سەپێنراوە بۆ راگرتنی هێرشەکانی بۆسەر ئۆکراین، بەڵام هێستا جەنگ بەردەوامە و لەدوای بوونەوە بە سەرۆکی ئەمریکاش، دۆناڵد تڕەمپ هەوڵەکانی بۆ راگرتنی جەنگ چڕ کردووەتەوە.