رۆژنامەی "پرێنسا لیبرێ"ـی پایتەختی گواتیمالا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە پاسێک لە پردێکەوە کەوتۆتە خوارەوە بۆ ناو روبارێک و بەهۆیەوە 51 کەس گیانیان لەدەستدا.

ماینۆر روانۆ، وتەبێژی ئاگرکوژێنەوە  و فریاکەوتنی شارەکە، ئەمڕۆ دووشەممە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند کە هەوڵەکان لە ئارادان "بۆ رزگارکردنی ئەو کەسانەی دیکە کە بەهۆی رووداوەکەوە گیریان خواردووە"، وتیشی: تەرمی 36 پیاو و 15 ژن رەوانەی مردووخانەی پارێزگاکە کراون.

بێرناردۆ ئارێڤالۆ، سەرۆکی گواتیمالا سێ رۆژ ماتەمینی گشتی بەهۆی روداوەکەوە راگەیاند و سوپا و دەزگا تایبەت بە کارەساتەکانی راسپارد بۆ یارمەتیدانی زیان لێکەوتووانی روداوەکە.