تڕەمپ ئیمزای لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری گۆڕینی کەنداوی مەکسیک بۆ کەنداوی ئەمریکا کرد
هەساو ئەمیر
١٠ی شوباتی ٢٠٢٥
دۆناڵد تڕەمپ ئیمزای لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری گۆڕینی ناوی کەنداوی مەکسیک بۆ کەنداوی ئەمریکا کرد و رۆژی 9ی شوباتیشی بە رۆژی کەنداوی ئەمریکا ناساند.
شەوی رابردوو پاش ئەوەی دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی ئەمریکا لەناو فڕۆکەدا بوو و لە رێگادا بوو بۆ بەشداریکردنی لە سوپەر بۆوڵی ئەمساڵ، رایگەیاند، گۆڕینی ناوی کەنداوی مەکسیک بۆ کەنداوی ئەمریکا شانازییەکی گەورە بۆ مێژووی ئەمریکا دەگەڕێنێتەوە.
دۆناڵد تڕەمپ بە فڕۆکەکەی بەرەو ویلایەتی نیو ئۆرلین دەڕۆیشت و بەسەر ئاوی کەنداوی ئەمریکادا دەفڕی، کە ئەوە یەکەمجارە لەدوای گۆڕینی ناوەکەیەوە بەسەر ئەو کەنداوەدا گەشت بکات.
24ی مانگی رابردوو، وەزارەتی ناوخۆی ئەمریكا بە رەسمی ناوی كەنداوی مەكسیكی بۆ كەنداوی ئەمریكا و ناوی لوتكەی دێنالی لە ئەلاسكا بۆ چیای ماكینلی گۆڕی.
رۆژی 28ی مانگیش كۆمپانیای گوگڵ لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس رایگەیاند، دوای ئەوەی سەرۆكی ئەمریكا ناوی كەنداوی مەكسیكی بۆ كەنداوی ئەمریكا گۆڕی، ئەوانیش لە سایتی نەخشەی گوگڵدا ناوی بەنداوەكەیان گۆڕیوە.