رۆژی سێشەممە حكومەتی ئەمنی ئیسرائیل لەبارەی قۆناغی دووەمی ئاگربەست كۆدەبێتەوە
٩ی شوباتی ٢٠٢٥
حكومەتی ئەمنی ئیسرائیل بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززە كۆدەبێتەوە، وەفدێكی دانوستانكاری ئیسرائیلیش لە دەوحەیە.
میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویانكردەوە، رۆژی سێشەممە حكومەتی ئەمنی ئیسرائیل بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززە كۆدەبێتەوە، لەكاتێكدا قۆناغی یەكەم هێشتا تەواونەبووە.
ئەوەش لەكاتێكدایە وەفدێكی دانووستانكاری ئیسرائیل لە دەوحەی پایتەختی قەتەرە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی قۆناغی دووەمی ئاگربەست لەگەڵ بزوتنەوەی حەماس.
بەپێی میدیاكانی ئیسرائیل، وەفدەكە تەنها دەسەڵاتی گفتوگۆی هەیە و ناتوانێت بەبێ گەڕانەوە بۆ تەلئەبیب بڕیاری كۆتایی لەبارەی هەر پێشنیازێكی وڵاتانی نێوەندگیرەوە بدات.
ئاماژە بەوەشكراوە، بەشێكی گفتوگۆكانی وەفدە ئیسرائیلییەكە، درێژەدان دەبێت بە قۆناغی یەكەمی ئاگربەست و خۆی لە ئازادكردنی بارمتە و بەندكراوەكان دەبینێتەوە كە بڕیارە شەش هەفتە بخایەنێت.
قۆناغی دووەمی ئاگربەست تایبەت دەبێت بە كشانەوەی تەواوی ئیسرائیل لە كەرتی غەززە و رادەستكردنەوەی روفاتی بەشێك لەوانەی لە غەززە كوژراون.